لە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبورگ، د.دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی، بەجیا چاویکەوت بە هەشت پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان. تەوەرێکی سەرەکی ئەو دیدارانە بریتی بوو لە گەیاندنی زانیاری بە پەرلەمانتاران سەبارەت بە دوا پێشهاتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و گەلی کوردستان، هاوکات پێشوازیان لەو هەوڵانە کرد کە پارتە سیاسییەکان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ناویانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەوروپی باس لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا کرا و لەو بارەیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم خولەی نوێی پەرلەمانی کوردستان خوازیارە کارایانە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا توندوتۆڵتر بکات. پەرلەمانتارانی ئەوروپی بە گشتی خۆشحاڵییان لەو گۆڕانکارییە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئامادەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان. هەر لەو بارەیەوە گرنگیی سەردانی دوولایەنە جەختی لێکرایەوە.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکانی شاندی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنی و مرۆیی عێراق و سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی کەرکوک کە هەموو ئەوانە کاریگەری نێگەتیڤیان لە سەر سەقامگیری و پێکەوەژیان هەیە لە عێراقدا.
لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی ڕایگەیاند ''زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرکەوتوومان لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا لە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەنجامدا. بە تایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی کە ڕێکخەرن لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان و کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و هەڵوێستی پەرلەمانی ئەوروپا هەیە''. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند ''بە خۆشحاڵییەوە دەبینین پەرلەمانتارانی ئەوروپی دیدێکی پۆزەتیڤیان بەرامبەر دواگۆڕانکاری و پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان هەیە و پێیان ڕاگەیاندین کە هیواخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان پتر بەرەوپێش ببەن''.
خالید عهلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.