وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندن لهبارهی پڕۆژهی سیتی پاس روونكردنهوه دهدات و رایگهیاند، لاری نهبوونی بهڕێوهبهرایهتی گشتی گواستنهوه به مانای مۆڵهتپێدانی ئهو كۆمپانیا نییه، كه دهیهوێت پرۆژهكه جێبهجێ بكات، بهڵكو لهلایهن وهزارهت و پارێزگای ههولێرهوه پڕۆژهكه جێبهجێ دهكرێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:-
سەبارەت بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی سیتی پاس بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموولایەکی رادەگەیەنین : جێبەجێ کردنی پڕۆژەی سیتی پاس و بایەخدان و پێشخستنی کەرتی گواستنەوەی گشتی بەشێکی گرنگی پلانی ستراتیژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە .
لە میانەی هەوڵەکانی وەزارەت سەبارەت بەم پڕۆژەیە و سێکتەرەکانی تری گواستنەوەی زەمینی ، بۆ شاری هەولێر پڕۆژەی دیزاینی سیتی پاس لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی ئیتاڵیا ئەنجامدراوەو کاری بۆ کراوە .
لە بەهاری ٢٠١٧ دا بەڕێز (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر ئاگاداری بەڕێز ( مەولود موراد محی الدین) وەزیری پێشووی گواستنەوەوگەیاندنی (بە وەکالەت) کردەوە کە لەگەڵ پارێزگاری شاری دۆسڵدرۆفی ئەڵمانیا رێککەوتوون و بڕیاریانداوە ، پاسەکانی ئەو شارەی ئەڵمانیا وەکو دیاری پێشکەشی شاری هەولێر بکرێت و ژمارەیان (٤٠٠) پاسە و لە رێکخستن و کاری تەکنیکی پڕۆژەکەش هاریکار دەبن .
سەبارەت بە داواکاری کۆمپانیای (باند) بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەولێردا ، نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتمان کردووە و دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێکیان بە ژمارە (٥٢١) لە رۆژی ( ١٠-٤-٢٠١٨) ئاراستەی دەستەی گشتی وەبەرهێنان کردووە و لە نووسراوەکەدا هاتووە ( لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئێمە لاریمان نیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ، تکایە لە رای خۆتان ئاگادارمان بکەنەوە ) .
هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە نووسراوێکی تریان بۆ وەزارەت ناردوەو تیایدا هاتووە : ئەم داواکاریەی کۆمپانیای (باند) بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزبکرێتەوە ، بۆ وەرگرتنی دید و بۆچوونیان ، بەڵام تا ئێستا وەزارەتمان بۆ ئەم مەبەستە هیچ نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە .
بۆ بەرچاو روونی زیتر دەڵێین : لاری نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوە بە مانای مۆڵەت پێدانی کۆمپانیای ناوبراو نایەت ، چونکە پێدانی رەزامەندی تەنها لە دەسەڵاتی بەڕێز وەزیرە و بە گرێبەست و فەرمانی وەزاری رێکدەخرێت .
ئاشکرایە مۆڵەت پێدانی ئەو پڕۆژەیەش پێویستی بە تاوتۆکردن و راوێژ و رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمە ، بە تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر ، دوای ئەو هەماهەنگیە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڕیار لەسەر پڕۆژەکە دەدات .
ئەوەی گرنگە روونیبکەینەوە ، لەبەر ئەوەی ئەو پاسانە بە دیاری بۆ هەولێر دەنێردرێن کە پێشووتر ئاماژەمان بە ژمارەیان کردووە ، کەواتە پێویست ناکات مۆڵەت بە کۆمپانیای کەرتی تایبەت بدەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ، بەڵکوو بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگای هەولێر پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت .
ئومێد محهمهد ساڵح
وتهبێژی وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندن
12-12-2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.