کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایدهگهینێت"، لەگـەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵی ئەوەدان دۆخی کەرکووک ئاساییبکرێتەوە. دەشڵێت، پارتی پێیباشە کەسێکی بێلایەن ببێتە پارێزگاری کەرکووک.
له لێدوانێكیدا بۆ كهنالى "رووداو" لەبارەی دۆخی ئێستای کەرکووک، کەمال کەرکووکی رایگەیاند" رەوشی کەرکووک ئێستا زۆر خراپە، بەداخەوە دوای ئەو خیانەتەی کە کەرکووک هەرزان فرۆشکرا لەلایەن تاقمێکی خیانەتکار لە 16ی ئۆکتۆبەر، ئاسایش و سەقامگیری نییە، خەڵک دەڕفێندرت و دەکوژرێت".
کەمال کەرکووکی وتیشى" ئێستا شاری کەرکووک بووەتە سەربازگەیەکی گەورە و دەڵێت" زیاتر لە سێ فیرقەی پۆلیسی فیدراڵی و فیرقەیەکی دژەتیرۆر و زیاتر لە 12 جۆری حەشدی شەعبی و 12 جۆر لە حەشدی عەشائیری سوننی لە شارەکە دان".
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و دانانی پارێزگار، کەمال کەرکووکی دەڵێت "ئێستا وەکو پارتی لە هەوڵی ئەوەداین ئەو دۆخە چاکبکرێتەوە، لەگەڵ گشت لایەنەکان کاردەکەین نەک تەنها یەکێتی، یەکێتیش بەشێکە لە لایەنەکانی دیکە، نەک لەگەڵ ئەو بەشەی کە کەرکووکیان هەرزان فرۆشکرد، ئەوان ناسراون لەنێو ریزەکانی یەکێتی، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان حیزبێکی گەورەیە و رابردووی هەیە، رێزمان بۆیان هەیە، بەڵام ئەوانەی دەستیان هەبوو لە خیانەتەکە، دەبێت یەکێتی ئەوانە دادگایی بکات".
کەمال کەرکووکی گوتیشی "وەکو پارتی بۆچوونمان بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووک ئەوەیە دەبێت دۆخی کەرکووک بەپێی مادەی 140 ئاساییبکرێتەوە، بۆ ئەوەی دۆخەکەش ئاسایی بکرێتەوە و سەرژمێری و ریفراندۆم بکرێت، دەبێ ئەو هێزە چەکدارانەی لەناو کەرکووک هەن هەموویان دەربچن و رادەستی هێزی ئەمنی خۆجێی بکرێت، کە پێکهاتەکەی لە خەڵکی کەرکووک بێت، پێشمەرگە و سوپاش لە دەرەوەی کەرکووک بن بە هەمان شێوەی پێش ساڵی 2014 ".
سەبارەت بە میکانزمی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک دوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، کەمال کەرکووکی بە باشی دەزانێت بۆ ئەم قۆناخە کەسێکی بێلایەن بکرێتە پارێزگاری کەرکووک کە هەموو لایەنەکان لەسەری رەزامەند بن، خزمەتی کەرکووک بکات و ئێمەش پشتیوانی بین تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت، کەی هەڵبژاردنیش کرا و کام لایەن کورسی زۆری هێنا، ئەوکات لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەتوانرێت پارێزگارێک هەڵبژێرێت کە خۆی دەیەوێت، بەڵام بۆ ئێستا با کوردێکی بێلایەن بێت، ئەمەش رای ئێمەی پارتییە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.