هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هۆشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت کە بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەن لە سلێمانی، دەبێتە هۆی لاوازبوونی یەکێتی.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (مێدیا هەبەر) کە کەناڵێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر داخوازیی کۆماری تورکیا، بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی داوە.
هاوکات جەمیل بایک هۆشداری بە یەکێتی داوە و باسی لە ئەگەری پێکدادانی نێوان پەکەکە و یەکێتی کردووە لە ئەنجامی ئەو بڕیارە و نەیشاردووەتەوە کە بڕیارەکەی یەکێتی لە دژی پەکەکە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی یەکێتی.
پێشتر لهسهر ئهم بابهته، جەمیل بایک نامەیەکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی بنەماڵەی تاڵەبانی کردووە و تێیدا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر یەکێتی لە دژایەتیکردنی پەکەکە بەردەوام بێت، ئەوا ئەوان هێزەکانیان لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەخەنە جووڵەوە و هەوڵی فراوانکردنی پێگەیان لەو ناوچانە دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.