سەرۆك بارزانی رایگهیاند: فەرهەنگی دێرینی گەلی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك حەساسیەتی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە بەرانبەر پێكهاتەكان نییە.
ڕۆژی سێشەممە 4ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی لوبنان بە سەرۆكایەتیی جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان كرد. یاوەرانی وەزیری دەرەوەی لوبنان، وەزیری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك گەورە ڕاوێژكاری حكوومەتی لوبنانی بوون.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لەدژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان. هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئاسانكاریی تەواویان بۆ كۆمپانیا و هاووڵاتیانی لوبنانی فەراهەم كردووە و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكانی نێوان هەردوولا و هەروەها هاوكاری و لەیەكنزیكبوونەوەی زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی لوبنان و هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكانی نێوان هەردوولا نیشاندا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی هزری تیرۆر و هەروەها قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر فەرهەنگی دێرینی گەلی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك حەساسیەتی ئایینی ومەزهەبی و نەتەوەیی لە بەرانبەر پێكهاتەكان نییە و ڕایگەیاند كۆمەڵگەی كوردستانی هزری تیرۆر و ئینكار ڕەت دەكاتەوە.
لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.