نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات لە مانگی ڕابردوودا لە عێراق 41 کەس کوژراون و بە بەراورد لەگەڵ شەش ساڵی رابردوو کەمترین ئاستی تۆمار کردووە.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە ڕێژەی تەقینەوە و قوربانییەکان لە مانگی نۆڤەمبەر لە عێراق لەچاو شەش ساڵی پێشوو کەمترین ئاستی تۆمار کردووە، واتە مانگی ڕابردوو 41 هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی تەقینەوە و شەڕ و توندوتیژی گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات لە ڕاپۆرتەکەی یۆنامیدا هاتووە بەهۆی شەڕ و تەقینەوەکان لە عێراق لە مانگی رابردوودا 73 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون کە زۆرترین قوربانی لە شاری بەغدا بوون.
هەرچەند دەسەڵاتدارانی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە داعش لە عێراق کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جموجۆڵەکانی زیاتر دەبێت و کێشە و ململانێیە مەزهەبی و تائیفییەکان لەناو پێکهاتەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بوونەتە هۆی بۆشایی ئەمنی و زەرەمەندی یەکەمیش هاووڵاتییانی عێراقن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.