Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 21:53

حکوومەتی ھەرێم بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەرى ڕەوانەی ئێران ده‌کات

ژمارەیان نزیكەی ھەزار كەس دەبێت
کوردستان TV
100%

بڕیارە ژمارەیەك بەركەوتووی چەكی كیمیایی كە ژمارەیان نزیكەی ھەزار كەس دەبێت، لەسەر ئەركی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی چارەسەركردن رەوانەی وڵاتی ئێران بكرێن، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجەیش دەڵێت، تێبینییان لەسەر لیژنەكە ھەیە و پێویستە وردتر بوونایە لە چۆنیەتیی پشكنینی بەركەوتووان.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە، رایگەیاند: "دوای ھەوڵێكی زۆر توانیمان كەیسی بەركەوتووانی كیمیابارانی ھەڵەبجە لەسەر وەزارەتی كاروباری شەھیدان بگوازینەوە بۆ سەر وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ھۆی پێداگریی ئێمە، داخوازیی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی جێبەجێ كرا، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن بۆ چارەسەركردن و ناردنەدەرەوەی بەركەوتووان ھەندێك دوا كەوت، لەگەڵ ئەوەیشدا دوای دیدارمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بڕیاری دا لە رێگەی لیژنەیەكەوە داواكارییەكانمان قبووڵ بكرێن و لەسەر ئەو پێشنیازەیش وەزارەتی ته‌ندروستی لیژنەیەكی پێك ھێنا بۆ ئەوەی دووبارە پشكنین بۆ بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بكرێت".

لەبارەی ناردنەدەرەوەی بەركەوتووان بۆ دەرەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە پشكنینەی رۆژانی رابردوو نین، چونكە لیژنەكە كە ھاتووە بە بێ ئێمە ھاتووە و پشكنینی كردووە، ئێمە كێشەی ئەوەمان ھەیە كە ژمارەیەك لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە ھەڵەبجە و بالیسان و ناوچەكانی دیكەیش رەزامەندیی وەرگرتنی مینحەیان ھەیە، بەشێكی دیكەیش پێشتر بڕیاری ناردنەدەرەوەیان ھەبوو و دەبێت سەرەتا بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەوانە بدرێت".

عەبدولقادر دەشڵێت: "داوای دەكەین دووبارە لیژنەی پشكنین سەردانی ھەڵەبجە بكات و پشكنین بۆ بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بكرێت، ئینجا بڕیار لەسەر ناردنەدەرەوە بدرێت، راستە بڕیار دراوە لەلایەن لیژنەكەوە ژمارەیەك بەركەوتوو رەوانەی وڵاتی ئێران بكرێن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.