Erbil 8°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 20:22

ساڵی 2019 وه‌به‌رھێنان له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی متمانه‌پێکراوی خۆی

وه‌به‌رهێنان ٤٧ ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌
کوردستان TV
#7
100%

به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌رێم، سێكته‌ری پیشه‌سازی زۆرترین مۆڵه‌تی وه‌به‌رھێنانی پێدراوه‌ كه‌ ٢١٣ پڕۆژه‌ن، دوای ئه‌ویش نیشته‌جێبوون به‌ ١٦٥ مۆڵه‌ته‌وه‌ دێت، سێكته‌ری گه‌شتیاریش به‌ ١٤٨ مۆڵه‌ته‌وه‌ له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.

ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌رێمی كوردستان دوایین ئاماره‌كانی وه‌به‌رھێنان له‌ ھه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات، به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر زاری به‌ڕێوه‌به‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیاریی ده‌سته‌كه‌ وه‌رگیراوه‌، قه‌باره‌ی وه‌به‌رھێنان گه‌یشتووه‌ته‌ ٤٧ ملیار دۆلار.

سه‌ربه‌ست خدر عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیاری ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌رێم، رایگه‌یاند :له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦ تاوه‌كو ئێستا مۆڵه‌تمان به‌ ٨١٦ پڕۆژه‌ داوه‌ و نزیكه‌ی ١١٧ مۆڵه‌تیشمان ھه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، سه‌رمایه‌ی گشتی وه‌به‌رھێنانیش تاوه‌كو ئێستا گه‌یشتووه‌ سه‌روو ٤٧ ملیار دۆلار، ئه‌و مۆڵه‌تانه‌شی بۆ وه‌به‌رھێنان دراون له‌ ١٣ سێكته‌ری جیاجیان، زۆرترینی وه‌به‌رھێنان به‌پێی پارێزگاكانی ھه‌رێم له‌ پارێزگای ھه‌ولێره‌ كه‌ ٣٦٠ پڕۆژه‌مان ھه‌یه‌ و له‌ پارێزگای سلێمانی ٢١٨ پڕۆژه‌مان ھه‌یه‌ و له‌ پارێزگای دھۆك-یش ٢٣٩ پڕۆژه‌مان ھه‌ن".

سه‌ربه‌ست خدر عه‌لی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان له‌ پارێزگاكانی ھه‌رێم و دابه‌شبوونیان گوتی: "له‌ پارێزگای ھه‌ولێر سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان ٢٦ ملیار دۆلار و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار ده‌بێت و له‌ پارێزگای سلێمانی-یش سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان بڕی ١٤ ملیار و ٩٦٠ ملیۆن دۆلاره‌ و له‌ پارێزگای دھۆك-یش بڕی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان بریتییه‌ له‌ شه‌ش ملیار و ٤٦٧ ملیۆن دۆلار.

سه‌ربه‌ست خدر عه‌لی ئه‌وه‌شی گوت "دوو شێوه‌ وه‌به‌رھێنانمان ھه‌یه‌، وه‌به‌رھێنانی راسته‌وخۆ كه‌ وه‌به‌رھێنانی بیانییه‌، له‌گه‌ڵ وه‌به‌رھێنانی ھاوبه‌ش، له‌و ٤٧ ملیار دۆلاره‌ی كه‌ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنانه‌ تاوه‌كو ئێستا بڕی ٤٥ پڕۆژه‌مان وه‌به‌رھێنانی بیانیین كه‌ سه‌رمایه‌كه‌یان شه‌ش ملیار و ١١٢ ملیۆن دۆلار.

سه‌باره‌ت به‌ ریزبه‌ندیی وڵاتانی بیانی له‌ وه‌به‌رھێنان له‌ ھه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و به‌رپرسه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئیمارات له‌ پله‌ی یه‌كه‌م و توركیا دووه‌م و پاشان لوبنان به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت.

سه‌ربه‌ست خدر عه‌لی ده‌شڵێت :ئه‌و وڵاتانه‌شی به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌ ھه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رھێنان ده‌كه‌ن نزیكه‌ی ١٥ وڵاتن و ئیمارات له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت كه‌ بڕی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ سێ ملیار و ٣١٤ ملیۆن دۆلاره‌، توركیا به‌ ١٦ پڕۆژه‌وه‌ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت كه‌ بڕی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ملیارێك و ١٣٠ ملیۆن دۆلاره‌، ھه‌روه‌ھا لوبنان به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت له‌ وه‌به‌رھێنانی بیانی كه‌ بڕی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنانی ملیارێك و ١٦ ملیۆن دۆلاره‌ و نۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌یه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌رێمی كوردستان ئه‌و سێكته‌رانه‌ی وه‌به‌رھێنانیان تیادا كراوه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ژماره‌ی مۆڵه‌تی وه‌به‌رھێنانیان تیادا دابه‌ش ده‌بێت؛ سێكته‌ری پیشه‌سازی كه‌ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌ له‌ رووی مۆڵه‌ته‌وه‌ ٢١٣ مۆڵه‌تی وه‌به‌رھێنان دراون، پاش ئه‌ویش سێكته‌ری نیشته‌جێبوون به‌ ١٦٥ مۆڵه‌ته‌وه‌ دێت، پاشان سێكته‌ری گه‌شتیاری به‌ ١٤٨ مۆڵه‌ته‌وه‌، دواتر بازرگانی كه‌ ١٣٨ مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ دراوه‌، ھه‌روه‌ھا ته‌ندروستی ٤٩ مۆڵه‌ت، كشتوكاڵ ٢٩ مۆڵه‌ت، فێركردن ٢٦ مۆڵه‌ت، وه‌رزش ٢٦ مۆڵه‌ت، خزمه‌تگوزاری هه‌شت مۆڵه‌ت، گواستنه‌وه‌ دوو مۆڵه‌ت، گه‌یاندن پێنج مۆڵه‌ت و ھونه‌ری چوار مۆڵه‌ت.

ئه‌و سه‌رمایه‌ بیانییانه‌ی كه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستاندا وه‌به‌رھێنانیان كردووه‌ بریتیین له‌ وه‌به‌رھێنه‌رانی وڵاتانی، ئه‌ڵمانیا، توركیا، ئیمارات، ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئێران، جۆرجیا، روسیا، فه‌ڕه‌نسا، لوبنان، كوێت، لوبنان، میسر، نیوزیلاند، ئیسپانیا، ھۆڵه‌ندا، ئوردن، كه‌نه‌دا، سوید، كۆماری باشووری ئه‌فریقا، پاكستان و كۆریا.

به‌ڕێوه‌به‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیاری له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنانی ھه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ چه‌ند ھۆكارێك له‌ دوای دابه‌زینی ئاستی وه‌به‌رھێنانه‌وه‌بوون له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و ساڵی ٢٠١٧ش به‌ خراپترین ساڵ بۆ وه‌به‌رھێنان له‌ ھه‌رێم ناوده‌بات كه‌ نزمترین ئاستی وه‌به‌رھێنانی تۆماركردووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنان له‌مباره‌یه‌وه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌ "به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رده‌ستمان له‌ ساڵی ٢٠٠٦ه‌وه‌ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان به‌ره‌و ژوور زیادی كردووه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٣ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان له‌و ساڵه‌دا به‌ ته‌نھا گه‌یشته‌ زیاتر له‌ ١٠ ملیار دۆلار، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و ساڵه‌وه‌ به‌ ھۆی بڕینی بوودجه‌ و قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش و ھاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ ئاواره‌ و بارودۆخی سیاسیی ھه‌رێمی كوردستانیش ئیدی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان دابه‌زی و له‌ ساڵی ٢٠١٧ سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان گه‌یشته‌ خراپترین ئاستی خۆی و نزیكه‌ی ٧١٢ ملیۆن دۆلار بوو له‌و ساڵه‌دا، به‌ڵام له‌دوای ساڵی ٢٠١٧ه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ به‌پێی نه‌مانی شه‌ڕی داعش و باشتربوونی بارودۆخی ھه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابووری و سیاسییشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ھه‌رێمی ئیدی وه‌به‌رھێنه‌ران متمانه‌یان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌ و ئێستا سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رھێنان له‌ ئه‌مساڵدا كه‌ ھێشتا ساڵه‌كه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار كه‌ ئه‌م بڕه‌ش سێ ھێنده‌ی بڕی وه‌به‌رھێنانی ساڵی ٢٠١٧یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانیان له‌ وه‌به‌رھێنان و ھه‌ستاوه‌ی ئه‌م كه‌رته‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت دوای پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھه‌رێم كه‌ ھێشتا پێكنه‌ھاتووه‌، له‌گه‌ڵ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو حكوومه‌ته‌، سه‌ربه‌ست خدر عه‌لی به‌گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ساڵی ٢٠١٩ و ساڵانی دواتر، ئه‌و له‌م رووه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "ئێمه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ نزیكه‌ی ٥٠٠ پڕۆپۆزه‌ڵی پێشكه‌شكراومان ھه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ ھه‌موو پێشكه‌شكراون و ره‌نگه‌ ساڵێكیان بوێت تا مۆڵه‌تیان پێده‌درێت، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رھێنان، ھه‌روه‌ھا ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنه‌ران له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رھێناوه‌ چه‌ندین رێنمایی ده‌ركردووه‌ و له‌ كۆی ٨١٦ مۆڵه‌ت چه‌ندین وه‌به‌رھێنه‌ر ھه‌بوون كه‌مته‌رخه‌مبوون و به‌شێكییان درانه‌ دادگه‌ و به‌شێكیان ته‌وقیفیشكران، ئێمه‌ له‌و رێوشوێنانه‌ نزیكه‌ی ٣٥ ھه‌زار دۆنم زه‌ویمان بۆ حكوومه‌ت گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ درابوونه‌ به‌شێك له‌ وه‌به‌رھێنه‌ران و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێنمایی به‌كارده‌ھێنران، بۆیه‌ وای ده‌بینین له‌ ساڵی ٢٠١٨ و به‌تایبه‌ت ساڵی ٢٠١٩ وه‌به‌رھێنان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی متمانه‌پێكراوی خۆی.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.