Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 16:26

بۆ دەرماڵە و پلە و ناونیشانی فەرمانبەران چەند بڕیارێک دەردەکرێت

دەبێ فەرمانبەر مافی خۆی وەربگرێت
کوردستان TV
100%


"ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ فەرمانبەر مافی خۆی وەربگرێت، گوتیشی: «بە لای ئێمەوە گرنگترین شت ئەوەیە فەرمانبەران مافی خۆیان وەربگرن و ھەڵسەنگاندنیش بۆ ئەدای فەرمانبەران بکرێت».

بەپێی نووسراوێکی دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان، کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، ئاماژە بە چەند راسپاردەیەک کراوە، بۆ رێکخستنی چۆنیەتیی پێدانی دەرماڵە و سەرمووچە و گۆڕینی ناونیشان و ئەژمارکردنی راژەی فەرمانبەران.

بەپێی نووسراوەکە، بۆ ئەو بابەتانە دەبێ بۆ ساڵی ٢٠١٩ رەچاوی چەند خاڵێک بکرێت.

ئەوە خراوەتە ڕوو، بۆ دەرماڵەی فەرمانبەران، دەبێ لیژنەیەک پێک بھێندرێت بۆ چۆنیەتیی خەرجکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران، ھەروەھا دەبێ کۆنووسی تایبەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران ئامادە بکرێت. جەختیش لەوە کراوەتەوە، بۆ ئامادەکردنی دەرماڵەی پایە، دەبێت بە لیستێکی سەربەخۆ بێت، ئەویش بەپێی ھەیکەلی پەسندکراوی ھەر فەرمانگەیەک.

چاودێریی دارایی بۆ بابەتی ئەژمارکردنی راژەی فەرمانبەران، ئاماژەی بە دوو خاڵ کردووە، ئەوانەیش پێکھێنانی لیژنەی تایبەت و ئامادەکردنی کۆنووسی لیژنە.

پەیوەست بە سەرمووچە و بەرزەمووچە و گۆڕینی بڕوانامە و ناونیشان، دیوانی چاودێریی دارایی ٤ خاڵی بۆ فەرمانگەکان روون کردووەتەوە: «پێکھێنانی لیژنە، ئامادەکردنی کۆنووسی لیژنە بە واژۆی ئەندامانی لیژنە، پوختەی راژەی تەواو، ھەروەھا ھەبوونی پشتگیریی فەرمانگەی، کە لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا کار دەکات“.

خالید ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بە (باس)ی راگەیاند، دەبێ دەرماڵە و گۆڕینی ناونیشان و ئەو بابەتانە لە رێگەی لیژنەی تایبەت و کۆنووسی تایبەت بێت، گوتیشی: « فۆڕم ھەیە دەبێ ساڵانە ھەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکییەکانی فەرمانبەر بکرێت و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانبەرەکەش ھەڵسەنگاندن بۆ فەرمانبەرەکە بکات».

ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ فەرمانبەر مافی خۆی وەربگرێت، گوتیشی: «بە لای ئێمەوە گرنگترین شت ئەوەیە فەرمانبەران مافی خۆیان وەربگرن و ھەڵسەنگاندنیش بۆ ئەدای فەرمانبەران بکرێت».

لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ١٧ دەرماڵەی جۆراوجۆر ھەیە و مانگانە ١٤٤ ملیار دینار و ساڵانەش یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بۆ دەرماڵەکان خەرج دەکرێت.

چاوشلی جەختی کردەوە، ناکرێت بەبێ لیژنە و کۆنووس دەرماڵە بە فەرمانبەران بدرێت، یان بەرزەمووچە و سەرمووچەیان بۆ بکرێت، ناشکرێت بەبێ پوختەی راژە بڕوانامە و ناونیشانی فەرمانبەر بگۆڕدرێت، گوتیشی: «لە سەرەتای ساڵ دەبێت لیژنەی تایبەت بە نوێکردنەوەی دەرماڵە و سەرمووچە و ناونیشانی فەرمانبەر دروست بکرێت و دەبێت لە پێدانی ئەرک و ئیمتیازات رەچاوی دادپەرەری بکرێت».


شوان بەرزنجی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.