ئیدارەی قەزای شنگال لە هەوڵی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان نیگەرانن و دەڵێن، لە بودجەی 2019دا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخان نەکراوە.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال راگەیاند: "كابینەی پێشتری حكوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2019ی دیاركردووە، تێیدا ھیچ حیسابێكی بۆ شنگال نەكردووە، ھیچ ناوچەیەكی عێراق لە شنگال زیانمەندتر نییە، بۆیە داوا دەكەین پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسای بودجەدا بكرێت و پارەی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچەكانی دیكە تەرخان بكرێت".
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، شنگال لە ھەموو رووێكەوە پشت گوێ خراوە و ئەگەر بڕە پارەی تایبەتی بۆ تەرخان نەكرێت لە بودجە ئەوا لە بودجەی پارێزگای نەینەوا بڕەپارەیەكی بۆ تەرخان دەكرێت.
چەتۆ سەیدۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ناوچەیەكی وەكو شنگال دەبێ بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت، پێشتر پێنج ملیار دینار بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین كرابوو، بە داخەوە لەوەشیان شنگال پەراوێزخراوە، بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین".
راشیگەیاند: "ئەگەر گۆڕانكاری لە بودجەدا نەكرێت وەك ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا واژوو كۆدەكەینەوە و داوا دەكەین حیسابی تایبەت بۆ شنگال بكرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.