Erbil 14°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 08:58

7 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ی زه‌وی ناوچەرزگارکراوه‌کان له‌ ته‌قه‌مه‌نی پاککراوه‌ته‌وه‌

3 ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ پاك كردنه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیان كردووه‌
کوردستان TV
100%

 ده‌زگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت ،  7.414.199 مه‌تر زه‌وی چوارگوشه له‌ ناوچه رزگاركراوه‌كان لە داعش له‌ مین وته‌قه‌مه‌نی پاك كردووه‌ته‌وه‌ و23.429 ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆریشی پوچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌، بەپێی قسەکانی سیراج بارزانی، سەرۆکی دەزگا، له‌ لێدوانێك بۆ ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ده‌زگای گشتی کاروباری مین به‌ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی داعش له ساڵی 2014 تا  مانگی  تشرینی یه‌كه‌می 2017، سێ ژووری ئۆپەراسیۆنی لە دهۆک، هەولێر و گەرمیان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین وته‌قه‌مه‌نی پێكهێنابوو. 

کۆکردنەوەى زانیاری و پلاندانان به‌ مه‌به‌ستی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین وپاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینڕێژكراوه‌كان وهه‌روه‌ها هۆشیاركردنه‌وه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌ مه‌ترسی مین گرنگترین كاری هاوبه‌شی ده‌زگای گشتی کاروباری مین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بوو.

سیراج بارزانی گوتی، چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌ی تلكێف به 12 بۆتلی گاز ماده‌ی كیمیایی ژهراوی به‌تایبه‌تی ماده‌ی كلوریان به‌كارهێنا. تیمی ته‌قاندنه‌وه‌ی مین له‌ ده‌زگای گشتی مین بە هاوكاری وسەرپەرشتی تیمە تایبەتەکانی چەکی کیمیایی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناخۆ ماده كیمیاییه‌كانی داعشی پوچه‌ڵ كردووته‌وه‌.

به گوتەی سه‌رۆكی ده‌زگا، چالاكییه‌كانی ده‌زگای گشتی كاروباری مین له ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان به بێ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ نه‌بووه. له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ی به نه‌بوونی ئاسایش لەوناوچانە، كێشه‌ی لۆجستی، كه‌میی زانیاری ده‌رباره‌ی شوێن و جۆری مه‌ترسییه‌كان، پێویستی په‌ڵه‌كردن له‌ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینڕێژكراوه‌كان وكه‌میی هۆشیاری هاووڵاتیان كرد.

رێكخراوه‌كانی ماگ، ئێف ئێس دی، هاندیکاپ ئنتەرناشنەل، ئێن پی ئەی، دی دی جی وكۆمپانیای ستێرلینگ به هاوکاری دارایی وڵاتانی کۆمەك بەخش به‌شدارییان له پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ مینڕێژكراوه‌كاندا كردووه‌.

به پێی زانیارییه‌كانی ده‌زگای گشتی کاروباری مین، تا راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وکۆنترۆلکردنی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، 776 كیلۆمتری چوارگوشه له‌ رووبه‌ری زه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان مین وته‌قه‌مه‌نیان لەلایەن هێزەکانی رژێمی پێشووی عیراقی لێچێندرابوو. ئەم رووبەرە ئێستا بۆ 270 كم2 كه‌مکراوه‌ته‌وه‌، واتە  65.2 لەسەدی رووبەری زه‌وی مینرێژکراو.

سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی قوربانیانی مین وته‌قه‌مه‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان لە پێش ١٩٩١ تا مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٨ گەیشتووەتە 13،233 كه‌س.

به‌ هۆی کاری چالاکی رێکخراوەکان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری هاووڵاتیان لە مەترسیەکانى مین و تەقەمەنی، ژمارەی قوربانیان لەم ماوەیەدا بەرەبەرە كه‌مبۆ‌وه‌.


شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.