Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:40

له‌ شاری سنه‌ کۆنگره‌یه‌کی زانستی بۆ مه‌ولانا خالید شاره‌زووری به‌ڕێوه‌چوو

به كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی شیعری نووسیوه‌
کوردستان TV
100%

كۆنگره‌یه‌كی زانستی بۆ لێكدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی، ئاسه‌واره‌كان و كاریگه‌ریی ڕه‌وتی عیرفانی مه‌ولانا خالید شاره‌زووری له‌ شاری سنه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ ئاماده‌بوونی مامۆستایان و زانایانی ئایینی له‌ وڵاتانی عێراق، توركیا و سووریا، كۆنگره‌ی یادی مه‌ولانا خالید شاره‌زووری له‌ زانكۆ كوردستان له‌ شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

 له‌م كۆنگره‌یه‌دا كه‌ چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو به‌ڕێوه‌چوو، مامۆستایانی ناسراوه‌ی سوننه‌ و زانایانی حوجره‌كانی ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران و ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستا و لێكۆڵه‌ر له‌ عێراق، توركیا و سووریا به‌شداربوون.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا شه‌ش وتار خوێندرانه‌وه‌ و چه‌ند مامۆستایه‌ش قسه‌یان كرد.

دكتۆر ئه‌خلاقیان، سه‌رۆكی زانستگای كوردستان به‌ ئاماژه‌ به‌ پێویستیی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ زانستییه‌كان له‌  زانكۆكان، وتی: زانستگای كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه‌ به‌ هاوكاری حوجره‌كان یادی كه‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌كانی كورد بكاته‌وه‌.

له‌م كۆنگره‌یه‌دا 51  وتاری زانستی له‌ شاره‌ كوردنشینه‌كانی ئێران و له‌ وڵاتانی عێراق و توركیا بۆ نووسینگه‌ی كۆنگره‌ نێردرابوو كه‌ ته‌نیا مۆڵه‌تی خوێندنی شه‌ش وتار درا و دیكه‌ی وتاره‌كان چاپ ده‌كرێن.

مه‌لا شێخ خالیدی شاره‌زووری ناسراو به «مه‌ولانا خالید» كه نازناوی «چیا‌والدّین» و «ژی الجناحین» یش هه‌بووه، یه‌كێكه له كه‌ڵه پیاوانی كوردستان له گۆڕه‌پانی خوداناسی و زانیاری‌دا؛ خوداناسێكی گه‌وره‌ی وا كه له گه‌ڵ ئه‌و ته‌مه‌نه كورته‌یدا گه‌یشته به‌رزترین پله‌ی ناوداری و خۆشه‌ویستی، به جۆرێك كه كاتێ له هیندستان له خزمه‌تی «شا عبدالله دهلوی» گه‌ڕایه‌وه، هه‌زاران كه‌س له زانایانی ئایینی و گه‌وره پیاوان و خه‌ڵكی‌تر به‌ره‌و پیری ڕۆیشتن و بوون به موریدی و له سه‌رده‌می ژیانی‌دا، ناوبانگی زانایی و خواناسیی ئه‌و، بێجگه له كوردستان، له وڵاتانی ئێراق، ئێران، توركیا، سووریا، میسر، عه‌ره‌بستان و ئه‌فغانستان و... ده‌نگی دایه‌وه و به هه‌زاران هه‌زار مورید و په‌یڕه‌وی بوو و‌ هه‌ر له ژیانی خۆیدا، هه‌ندێك له زانایانی ئایینی و گه‌وره مامۆستایانی ئه‌و سه‌رده‌مه له عه‌رب و تورك و كورد كتێبیان سه‌باره‌ت به‌و نووسی (ژماره‌ی ئه‌م كتێبانه ده‌گات به نزیكه‌ی 20 كتێب) و له كۆچی دوایی‌یشیدا، به شیعر و نووسراوه‌ی به‌رز لاواندیانه‌وه.

مه‌ولانا، كتێبی زۆری نووسیون و هه‌روه‌ها به كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی شیعری نووسیوه‌ كه زۆربه‌ی شیعره‌كانی پاڕانه‌وه له خوا و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و مه‌دحی پیاوچاكانن.

سه‌رچاوه‌/ جام كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.