چهكدارانی حەشدی شەعبی رێگریی لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئەمەریکا دەکات، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئۆتۆمبێل و چەکەکانیەوە لەسەر رێڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەنبار.
ئەمڕۆ سێشەممە، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئۆتۆمبێل و چەکەکانیەوە لەسەر رێڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەنبار، رێگریی کرد لە نیشتنەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا و بەهۆیەوە هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لەو فڕۆکەخانەیەی نزیک لە سنورەکانی سوریا بنیشێتەوە.
چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی عێراقی بڵاویان کردەوە؛ لە فڕۆکەخانەی مەرسەنان کە بەمدواییە ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ بنکەی سەربازیی ئەبو رەزای بەلداوی، حەشدی شەعبی ژمارەیەک زۆر هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و جۆراو جۆر و دەبابەی جۆری (تی-55)ی لە بەشەکانی فڕۆکەخانەکە و رێڕەوی سەرەکی نیشتنەوەی فڕۆکەکان بڵاوکردوەتەوە و بەوەش رێگریی لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئەمەریکا دەکات، کە بەشێکی فڕۆکەخانەکەیان کردوەتە بنکەی خۆیان و ناوەندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
فڕۆکەخانەی ئەبو رەزای بەلداوی، یەکێکە لە بنکە سەربازییەکانی سوپای عێراق، کە لە سەروبەندی شەری داعشدا کرابووە بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی راوە و عەننە و قائیم و پارێزگاریی کردن لە سنورەکانی عێراق و سوریا بە درێژایی سنوری پارێزگای ئەنبار و بیابەنەکانی ناوچەکە.
فڕۆکەخانەکە (70) کیلۆمەتر لە قازای راوەوە دورە نزیک لە سنورەکانی سوریاوە، کە سوپای ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەی تەنەفی سوریا هەیە و لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیە و پاڵپشتی ئاسمانیی دەکات، کە بەپێی چەند سەرچاوەیەک بنکە ئەمەریکییەکە لە تەنەف تەنها بۆ چاودێریی کردنی جموجوڵەکانی ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتەیە لە نێوان سوریا و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.