Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 01:01

سەفین دزەیی: پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت ئاسایی ببێتەوە

دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو هەنگاو بەهەنگاو کەشوهەوایەکی ئارامتر لە ئارادایە
کوردستان TV
#7
100%

سەفین دزەیی گوتی: ئێستا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019 و ئەو بڕگە و بابەتانەی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، هەندێک بڕگەش هەیە کە گشتگیرە بە هەموو عێراق، پێویستە کە داکۆکی لێ بکرێت و لەو پڕۆژە یاسایە جێگیر بکرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایدەگەیەنێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بووەتەوە و ئاشکرایشی دەکات کە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی 2019 و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر حکوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیشان بدات ئەوا سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا گوتی: "پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت ئاسایی ببێتەوە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو هەنگاو بەهەنگاو کەشوهەوایەکی ئارامتر لە ئارادایە و ئێستا حکوومەتێکی تازە پێکهاتووە، هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە هێزەوە لە بەغدا بەشدارن، بۆیە بەپێویستی دەزانین کە بارودۆخەکە هێورتر بکرێتەوە".

سەفین دزەیی ئاماژەی بە پێشنیازێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد دەربارەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا و گوتی: "لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کە نەوتی کەرکووک لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی تورکیا بکرێت، وەکو پێشنیاز و بیرۆکە پێشوازییان لێیکرد، بەڵام لە رووی پڕاکتیکییەوە بەداخەوە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێبکرابوایە تا ئێستا شەش ملیار دۆلار داهاتی دەبوو بۆ عێراق، ئەو پارەیەش دەتواندرا بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوودی لێ ببیندرێت بەتایبەت دەبینین لە شاری بەسرە چەندین کێشە هەیە، هیوادارین کە پێشنیازەکە قبووڵ بکرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.