Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:54

سەفین دزەیی: هەر 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشدەکرێت و وەک جاران نابێتە مانشێتی ڕۆژنامەکان

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی: هەر 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشدەکرێت و وەک جاران نابێتە مانشێتی ڕۆژنامەکان
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسای چاکسازی، دادپەروەری لە بابەتی مووچە دەگەڕێنێتەوە و خەرجییەکیش بۆ خەزێنەی گشتیش کەم دەکاتەوە، بۆیە هیوای خواست لە خولی نوێی پەرلەماندا پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت. جەختیشی کردەوە کە ئەولەویەتی کاری حکوومەتی داهاتووی هەرێم لابردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: ئێستا هەر 30 ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و وەک جاران نابێتە مانشێتی ڕۆژنامەکان و ”ڕاستە ئێستا بەشێک لە پاشەکەوتی مووچە ماوە، بەڵام هەوڵدەدرێت لە حکوومەتی داهاتوودا ئەوەش نەهێڵدرێت“.

باسیشی لەوە کرد کە ماوەی 45 ڕۆژ بەخشین بۆ عێراق هەیە لە ڕووی بابەتەکانی گازی سرووشتی و کارەباوە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا لەمبارەیەوە بەردەوام بێت، هەروەها لەڕووی بازرگانیی گشتی، سزاکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، چونکە ”دراوسێین لەگەڵ ئێران“، بۆیە هیوای خواست کە ئەو بابەتانەی پێویستیی سەرەکیی ڕۆژانەی هاووڵاتییانن، نەخرێنە نێو سزاکانی سەر ئێران.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: ”مەسەلەی کەمئەندامان کاتی خۆی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لێژنەیەکی دانا بۆ پێداچوونەوە، بەداخەوە خەڵکانێک هەن کە مافی کەمئەندامانی ڕاستەقینە دەخۆن، تائێستا پڕۆژەکە کۆتایی نەهاتووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکرێت. خەڵکانێک بەناحەق پارەیان وەرگرتووە و بگرە دەرماڵەکانیش جیاواز بووە لەنێوان وەزارەتەکان، پڕۆژە یاسای چاکسازی دادپەروەری دەگەڕاندەوە و خەرجیشی دەگەڕاندەوە، بەڵام بینیمان لە پەرلەمان بە چ دەردێک بردرا. 

هیوادارین لە خولی ئێستای پەرلەمان پڕۆژەیاساکە تێپەڕ بکرێت، چونکە لە بەرژەوەندیی گشتییە، نەک هەر بە کەمکردنەوەی خەرجی، بەڵکوو بۆ عەدالەتیش لە بابەتی مووچەدا گرنگە“.

 

سه‌رچاوه‌/ باسنیوز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.