بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و سهر کونسوڵ و نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی، یادی 100 ساڵەی سەربەخۆیی پۆڵۆنیا بەرز ڕاگیرا.
ئێوارەی دوێنێ مەڕاسیمی 100 ساڵەى یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتیمانی و سەربەخۆیی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەولێر بە ئامادەبوونى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم و پەرلەمانتارو دیپلۆماتکارو نوێنەرانى لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵەى دۆستایەتى کوردستان پۆڵۆنیا بەڕێوەچوو کە لەلایەن ئاژانسی کونسوڵگەری کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێم ڕێکخرابوو.
لە دەستپێکی مەڕاسیمەکە، کونسوڵ دۆمینیک موشیال، بەرپرسى ئاژانسی کونسوڵگەری کۆماری پۆڵۆنیا ووتارێکی پێشکەشکرد، تیشکی خستەسەر مێژوو و ئەزموونەکانی کۆماری پۆڵۆنیا لەماوەی ساڵانی ڕابردوو کە پێیدا تێپەڕیووە، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کەوا گەلی پۆڵۆنیا ڕۆژگارێکی سەخت و دژواری بەڕێکردووە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی ووڵاتەکەی، لەم بارەیەوە گووتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی پێویستی بە قوربانیدانەو هەندێکجاریش پێویستی بەوە هەیە بۆی بجەنگیت، پۆڵۆنیاش وەکو هەر ووڵاتێکی تر کە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی جەنگاوەو تووشی چەندین قۆناغى سەخت هاتووە تا گەیشتۆتە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ.
لە ووتارەکەیدا کونسوڵی پۆڵۆنیا پەیوەندی هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیای بەرز نرخاند و هیوای خواست بتوانن لە داهاتوودا زیاتر پەیوەندیەکانیان بەرەو پێش ببەن لە سەرجەم بوارەکاندا. دووبارە سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداریکردنیان و هیوای بەسەربردنی کاتێکی خۆشی بۆ خواستن.
دواتر فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ووتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا پیرۆزبایی لە گەل و حکومەتى کۆماری پۆڵۆنیا کرد و سوپاسی کونسوڵ دۆمینیک موشیال، بەرپرسى ئاژانسى کونسوڵگەری کۆماری پۆڵۆنیا لە هەولێر کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیەو بوونی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا و بوونى نوێنەرایەتى پۆڵۆنیاى لە هەرێم بەرز نرخاند لە پێناو ئاسانکارى بۆ پەرەپێدانى پەیوەندى زیاتر. سوپاسی کۆماری پۆلۆنیای کرد بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی لە کاتى شەڕی داعش.
وڵاتی پۆڵۆنیا لە ساڵی 2011 کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر کردۆتەوە ، لە گشت شارەکانی عێراق تەنها لە هەولێر کونسوڵخانەی هەیه .
زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە لێدوانێکی بۆ کوردستان تی ڤی ڕایگەیاند لە بواری پەروەردە و خوێندن و ئابووری پەیوەندی کوردستان و پۆڵەندا زۆر باشە و هەوڵ دەدەین ئاستی هەماهەنگی نێوانمان زیاتر بکرێت و بازرگانانی پۆڵۆنیا لە داهاتوو بێنە هەولێر و وەبەرهێنان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.