Erbil 5°C سێشەممە 11 شوبات 20:20

حکومه‌تى هه‌رێم : به‌په‌له‌ پێویستە دامودەزگا شەرعییەکان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال

په‌له‌ى تێدا بكرێت
کوردستان TV
100%

لە ئاکامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان داعش بۆ سەر  قەزای شنگال، دانیشتوانی قەزاکە ئاوارە و دەربەدەر بوون و ماڵ و شوێنی خۆیان جێهێشت روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام دوای سێ ساڵ لە رزگارکردنی شاری شنگال تا ئێستا بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی شارەکە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر شوێنی و لە کەمپەکانیش نیشتەجێن، هەروەها دامودەزگا ئیداری و شەرعییەکانیش نەگەڕاونەتەوە.

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  راگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ی ڕه‌وشى ئێستای شنگال بڵاو كرده‌وه‌ ڕایده‌گه‌ێنێت  : لە دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانەوە چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان دژی دانیشتوانی شارەکە و دەوروبەری ئەنجامدا بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزیدی وەک کوشتنی هەزاران هاووڵاتی کە تەنیا لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەیان (1296)یان کوژران، هەروەها  رفاندنی هەزارانی دیکە کە تا ئێستاش بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە، هەروەها نزیکەی (٣٦٠,٠٠٠)یان ئاوارە و دەربەدەر بوون.جگە لەم تاوانە قێزەوەنانە تیرۆریستانی داعش لە کاتی داگیرکردنی شنگال وێرانکارییەکی زۆریان لە دوای خۆیان جێهێشت کە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە، بەشی هەرە زۆری خانووەکانی شنگال وێران بوون لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستان و بەشێکی دیکەشیان تەقێندرانەوە دوای مێنڕێژکردنیان، هەروەها بەشێکی دیکەی خانووەکانیش لە دوای جەنگی ئازادە کردنەوەی و خۆحەشاردانی تیرۆریستان تێیاندا وێرانکران.

زێباری ئەوەشی خستە روو کە بە هۆی تاوانانەی داعشەوە بەشی هەرەزۆری خانووەکان وێرانکران و خەڵکەکەی نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە ژیانی بکەنەوە و لەم بارەوە وتی: دوای زیاتر لە ساڵێك لە داگیركردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە بەشداری زیاتر لە 7 ھەزار پێشمەرگە، بە خوێنی سەدان پێشمەرگەشنگالی لە دەستی داعش رزگار كرد، بەڵام وێرانکارییەکی زۆر لەو شارە روویدا بوو، هەروەها سەرەڕای تێکدانیان بەشێک لە خانووەکانیان تا ئێستا بە تەواوی لەو مین و تەقەمەنیانە پاک نەکراونەتەوە کە داعش لەدوای خۆی جێی هێشتوون و زیانی گیانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە ، بۆیە ئەو وێرانکارییەی بەسەر شنگالدا هات پێویستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە هەبوو لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان وەک پڕۆژەکانی ئاوەدان کردنەوە و دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکە کە بە تەواوی وێران بوون.

لە بارەی گەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال دیندار زێباری وتی: بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری ئەو وێرانکارییەی لەو شارە روویدا بوو و وەک هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی  ئاوەدانی شارەکە، دەبوایە دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەکانی شارەکە بگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و پێشکەش کردن خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵکی ئەو شارە و دەوروبەری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە  بگەڕێنەوە و دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری بەسەر هاووڵاتیانی شنگال هەیە کە تا ئێستا بەشی هەرەزۆریان ئاوارەن و لە کەمپەکاندا دەژین و بەهۆی وەرزی سەرما ژیانیان سەختتر دەبێت و پێویستیان بە هاریکاری هەیە.

زێباری لەبارەی گرنگی گەڕانەوەی ئەم دامودەزگا شەرعیانە وتی: نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، چونکە بڕیار بوو رۆژی 31/10/2018 ئیدارەی شەرعی شنگال بگەڕێتەوە و دووبارە دەست بەکارەکانی خۆی بکات، بەڵام کەسانێک بە بیانوی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانە رێگایان بە گەڕانەوەیان نەدا، ئەمەش  بووە هۆی نیگەرانی خەڵکی رەسەنی شارەکەو  بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 5/11/2018 لە ناحیەی فایدە  (٣٧٢) شێخ هۆز و کەسایەتییەکانی شنگال کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا ئیدانەی ئەو کارانەی کرد کە کەسانێکی ئەنجامیان داوە بۆ رێگری درووستکردن لەبەردەم گەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە کۆتایی  لێدوانەکەیدا وتی: لە بارەی سەقامگیری ناوچەکە وتی: رێگری کردن لە نەگەڕانەوەی دەزگا شەرعییەکان  دەبێتە هۆی درووستبوونی درووستبوونی بۆشایی ئیداری و سیاسی و کەشێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئیداری لە ناوچەکە بە گشتی و درێژەدان بەم بارودۆخە کە دەبێتە هۆی نەگەڕانەوەی خەڵکەکەی و هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی زیاتر دوا دەخەن، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین پەلە بکات لە گێڕانەوەی ئیدارە شەرعییەکەی شنگال و کەمکردنەوەی کاریگەری دەرەکی لەسەر ئەم ناوچەیە و دەستپێکردنی هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچەیە بە گشتی کە دەبێتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی بۆ سەر زێدی خۆیان.


شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.