Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:52

حکوومەتی ھەرێم، کێشەی قوتابییە ئاوارەکانی لە هەرێم چارەسه‌ر کرد

حکوومەتی عێراق: پێویستە قوتابیانی ئاوارە بگەڕێنەوە زانکۆکانی مووسڵ
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە پێویستە قوتابیانی ئاوارەی ھەرێم بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکانی مووسڵ و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن، ئەمەش کێشەی بۆ قوتابیان دروست کرد بە ھۆی ئەوەی ھیچ شوێنێکیان نییە لێی نیشتەجێ بن و توانای ھاتوچۆشیان نییە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەو قوتابیانە کە ژمارەیان ٢ ھەزار و ١٠٠ قوتابییە دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم درێژە بە خوێندن بدەن.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی شەڕی داعشەوە خەڵکێکی زۆری مووسڵ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، بۆیە حکوومەتی عێراق چەند شوێنێکی لە دھۆک و ھەولێر وەکو شوێنی جێگرەوەی زانکۆکانی مووسڵ کردەوە و لێرە لە ھەرێم قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان درێژەیان بە خوێندنی خۆیان دەدا، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەو شوێنانە داخراون و پێویستە قوتابیان بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکانی مووسڵ لە کاتێکدا ئەو خەڵکە ھێشتا ئاوارەن، بەتایبەت پێکھاتەکانی ئێزدی و مەسیحی و ئەوانەی دیکە و شوێنیان نییە لە مووسڵ بمێننەوە و توانای ھاتوچۆشیان نییە، بۆیە مەترسی لەسەر خوێندنی ئەمساڵیان ھەیە."

شێروان دووبەردانی گوتیشی: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم گفتوگۆمان کردووە و ڕازی بوونە کە ئەو قوتابیانە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێم درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام یەک کێشەمان ھەیە ئەویش ھەندێک پرۆگرام جیاوازییان ھەیە و ھەندێک بەشیش لە ھەرێم نییە، بۆیە لەمەش گرفتمان بۆ دروست دەبێت."

دووبەردانی باسی لەوەش کرد: "ئەم چارەسەرە کاتییە و وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بەردەوام دەبین تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت، چونکە ناکرێت ساڵێکی خوێندنی ئەو قوتابیانە کە ژمارەیان گەلێک زۆرە بفەوتێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.