محمد مەلا
منداڵان، نەک سەروەتێکی زۆر بەنرخن بۆ دایکوباوکان، بەڵکو دایکوباوک ئامادەن هەموو سەروەتێکی هەیانە بیکەن بە قوربانی سەڵامەتی رۆلەکانیان، پێم وانیە دایکوباوک هەبێت ، شتێکی تریان لا بەنرختر بێت لە ڕۆلەکانیان، بۆیە کورد قسەیەکی جوانی هەیە، دەلێت(باوک حەزناکات کەس لە خۆی چاکتر بێت تەنها ڕۆڵەکەی نەبێ)، جا کاتێک باوک هەوڵبدات و پێی خۆش بێت منداڵەکەی لە خۆی باشتر و چاکتر بێت ئەوا هەمیشەش حەزیان کردووە منداڵەکانیان لە باشترین شوێن و باخچەی منداڵان و قوتابخانە پەروەردە وەرگرێت و بخوێنێت.
باخچەی منداڵان سەرەتای پەروەردەکردنی منداڵانی چوارساڵان و پەروەردە و فێرکردنی منداڵانی پێنج ساڵانە، بە خۆشحالیەوە ئێستا کۆمەڵێک باخچەی منداڵان بە شێوەیەکی زۆر ڕێک و پێکی حکومی هەن کە پەروەردەکرنی منداڵانیان گرتۆتە ئەستۆی خەمی دایک و باوکانی فەرمانبەریان کەمکردۆتەوە، یەکێک لەوانەی لە نزیکەوە چاودێری کارەکانیانم کردووە (باخچەی منداڵانی گاردگرۆس)ە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ، ئەمساڵ ئەو بڕە پارە ڕەمزیەی کە ساڵانی پێشوو لە دایکان و باوکان وەردەگیرا بۆ ئامادەکردنی خواردانی دوو ژەمی بەیانیان و نیوەڕۆیان ڕاگیراوە، لە کاتێکدا حکومەت بەهۆیقەیرانی ئابووری ناتوانێت ئەم بڕە پارەیە دابین بکات، بۆیە ئێستا دایک و باوکان بۆ ئەوەی ڕۆلەکانیان برسی نەبێت، جانتای مندالانیان پڕ دەکەن لە کێک و شەربەت، کە ئەمە زیانێکی زۆر گەورە لە تەندروستی و پەروەردەی منداڵ دەدات، چونکە جاری وایە دایکوباوکان ناتوانن یان نازانن کێک و شەربەتی ماوەبەسەرچوو جیابکەنەوە.
هەروەها لە رووی بەرزی ڕێژەی شەکرەوە زیانێکی گەورە بەر گەشە و تەندروستی منداڵ دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەش منداڵ ئەوەندەی تەرکیزی دەخاتە سەر جانتاکەی ئەوەندە تەرکیزی لەسەر یاری و فێرکردن و قسەی مامۆستا و چاودێرەکانیان نابێت ،لە رووی ژینگەیشەوە زیان دەگەیەنێت بە پاکوخاوێنی ناو باخچەکە بە هۆی قوتووی شەربەت و نایلۆنەوە، لە رووی پەروەردەیشەوە ناتوانرێت منداڵ فێری کۆمەڵێک ئاداب بکرێت وەکو دەستشۆردن و بسمالله کردن پێش نانخواردن و نانخواردنی بە کۆمەڵ و دەستشۆردنی دوای نان وکۆمەڵێک ئادابی تری سەر خوان، بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە ئەگەر بە هەر پاساوێک بوو بێت ئەوە بڕیارەی دابێت، کە بە بڕوای من بڕیاڕەکە لە کاتی خۆیدا نیە، دەبێت هەوڵبدات پاساوەکانی دەرچووی ئەم بڕیارە ڕابگرێت نەوەک بڕیارێکی لەم شێوەیە دەربکات، چونکە دواجار ئەگەر وابێت کاری باخچەی منداڵان لە کۆمەڵێک یاری دیاریکراو و چاودێری کردن کورت دەبێتەوە و منداڵان چێژی خواردن و پەروەردەوە دوور دەکەونەوە ،بە تێپەڕبوونی جەند مانگێک باخچەی منداڵان لەلای منداڵان دەبێتە زیندان کرڕنێکی کاتی تاوەکو دەوامی دایک و باوکەکانیان تەواو دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.