Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 05:15

خۆشناو ئه‌نوه‌ر چیرۆکی ڕفاندنه‌که‌ی له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌کێتی ده‌گێڕێته‌وه‌

خستیانمه‌ زیندانی تاكه‌كه‌سی و ئازاریان دام  وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیان گرتبێت
کوردستان TV
#7
100%

خۆشناو ئه‌نوه‌ر كه‌ له‌ ڕۆژی 26/10/2018 له‌كاتی ته‌واو بوونی له‌ نوێژی هه‌ینی له‌ لایه‌ن هێزێكی ده‌مامكداری ئاسایشی سه‌ر به‌ یه‌كێتی ڕفێنرا له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان باسی له‌ ڕفاندنه‌كه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند: دوای ته‌واوبوونی نوێژی هه‌ینی له‌گه‌ڵ باوكم به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ و له‌ لای مزگه‌وته‌كه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی پڕ له‌ ئاسایش  چوارده‌وریان گرتم و منیان ڕفاند و دواتر قۆڵبه‌ستیان كردم، باوكم دوای ئه‌وه‌ به‌ شپرزه‌یی و سه‌رسوڕمانێكی زۆره‌وه‌ گوتی بۆ كوێی ده‌به‌ن كوڕه‌كه‌م چی كردووه‌؟ ئاسایشه‌كانیش كه‌ زۆربه‌یان ده‌مامكدار بوون به‌ ده‌نگێكی به‌رزه‌وه‌ به‌ باوكمیان گوت ئه‌وه‌ كاری تۆ نییه‌ و بكشێوه‌ ده‌واوه‌.

دواتر منیان له‌ سه‌روچاوه‌وه‌ برد و به‌ره‌و ڕانیه‌ به‌ڕێ كه‌وتن و له‌ نزیك ڕانیه‌ ته‌له‌فونێكیان بۆ هات و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنكه‌ی پۆلیسی چوارقوڕنه‌و  په‌ڕاوێكیان بۆ كردمه‌وه‌ تا گرتنه‌كه‌م به‌ یاسایی بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا ناوی سیانیان لێوه‌رگرتم و خۆیان كتابه‌كه‌یان پڕكرده‌وه‌.

گوتیشی: دواتر منیان قۆڵبه‌ستكرده‌وه‌ و بردیانم بۆ زیندانی سه‌ركه‌پكان له‌ ڕانیه‌و ڕاسته‌وخۆ خستیانمه‌ ژورێكی تاكه‌كه‌سی  تاریك و ناخۆشه‌وه‌ و ده‌رگایان لێداخستم.

خۆشناو ڕاشیگه‌یاند: له‌ناو زینداندا له‌ماوه‌ی ئه‌و 3 شه‌وه‌ی كه‌ به‌ندكرام له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیدا سووكایه‌تی زۆریان پێكردم و ئازاری ده‌رونیان دام، به‌جۆرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ تیرۆرستێكیان ده‌ستگیركردبێت منیان له‌ ژورێكی ته‌نگه‌به‌ری یه‌ك نه‌فه‌ریدا به‌ند كرد كه‌ توانای جوڵه‌كردنم تیایدا نه‌بوو.

گوتیشی: دوای 3 ڕۆژ مانه‌وه‌م له‌ زیدندان و مامه‌ڵه‌ی قورس و خراپ و نامرۆڤانه‌ی به‌رپرسانی زیندان و ڕێگه‌ نه‌دان به‌ بینینی كه‌س و كار و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ نه‌دان به‌ بینینی پارێزه‌ره‌كه‌م منیان به‌ ئه‌خلاقێكی ناشرین و به‌ هه‌لسوكه‌وتێكی نه‌شیاو و به‌ بێڕێزییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ زیندانی تاكه‌كه‌سی ده‌رهێناو ده‌مامكێكی ڕه‌شیان خسته‌ سه‌رم و سه‌رو چاویان داپۆشیم وه‌ك ئه‌وه‌ی من گه‌وره‌ تیرۆرستێك بم یا مافیایه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی بم ئه‌و كاته‌ ڕێك له‌ فیلمێكی ئه‌كشن ده‌چوو كاتێك منیان گواسته‌وه‌ بۆ دادگا و له‌ ناو دادگاداشدا هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ بوویه‌وه‌ و پۆلیسه‌كانی دادگا ئازاری زۆریان دام و منیان به‌ ڕاكێشان له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی زیندان ده‌رهێنا و به‌ ڕاكێش ڕاكێش بریدیان بۆ ژووری دادگا.

گوتیشی كاتێك پارێزه‌ره‌كه‌م ئه‌وه‌ی بینی چوو بۆ لای دادوه‌ر و به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ پێی گوت كه‌ ئه‌و كرداره‌ بێڕێزیكه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بریگرته‌كه‌م خۆشناو ئه‌نوه‌ر نه‌وه‌ستێنن ده‌یكه‌ین به‌ هه‌لڵا له‌سه‌رتان و ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌خزێنینه‌ ناو دادگاوه‌، دوای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌م دادوه‌ر فه‌رمانی كرد كه‌ ده‌مامكه‌ ڕه‌شه‌كه‌ له‌سه‌رم بكه‌نه‌وه‌ و دواتر له‌ ناو دادگا من بێتاوانی خۆم سه‌لماند و به‌ دادوه‌رم گوت" به‌ڕێز دادوه‌ر من به‌ مادده‌ی 405 ده‌ستگیر كراوم له‌ كاتێكدا كه‌ من په‌روه‌رده‌كراو و قوتابی قوتابخانه‌ی بارزانی نه‌مرم، من به‌رپرسی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی لاوانم و ته‌واوی لاوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ شاهیدی دڵسۆزی و كاره‌كانی منن، ئێمه‌ بۆ خزمه‌تی توێژی لاوانین نه‌ك بۆ كوشتنیان"

دوای ئه‌وه‌ی پارتی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر گرتنی من هاتنه‌ ده‌نگ و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی پارتی به‌ تایبه‌ت سكرتاریه‌تی لاوان و لقی 11ی پارتی و به‌رپرسی لق به‌ڕێز هیوا گه‌یلانی و فراكسیۆنی پارتی و له‌ ناویشیاندا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی به‌ڕێز ئومێد خۆشناو پاڵشتیان و كردم و وایان كرد مه‌رامه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئه‌و هێزه‌ سه‌رنه‌گرێت و من كاتژمێر 11ی ئه‌مشه‌و ئازاد كرام.

خۆشناو ئه‌نوه‌ر ڕاشیگه‌یاند: من سوپاسی سه‌رۆكی هێژامان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتیمان و مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی لاوان و  به‌رپرسی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی لاوان هه‌ڤاڵ مه‌یسه‌ر نه‌هێڵی كه‌ تا دوای ئازادبوونم له‌ ڕانیه‌ مایه‌وه‌ ولقی 11 و ته‌واوی كادیرو لایه‌نگرانی پارتیمان ده‌كه‌م و دڵسۆزی ئه‌وان و هاتنه‌ جوابی ئه‌وان وای كرد كه‌ من له‌ زیندانه‌ ئینفیرادیه‌كه‌ی ئه‌و هێزه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ و مه‌رامه‌ گڵاوه‌كه‌یان شكست پێهێنا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.