کەسانێک هەن حەیران دەڵێن هونەری حەیرانیان شێواندووە حەیرانبێژ " هێمن سارمەمی" ، لایەنە هونەریەکان بەرپرسیارن لە پشتگوێخستنی حەیران
هێمن سارمەمی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر سەبارەت بە پشتگوێستنی فۆڵکلۆر و هونەری حەیران گوتی : بەداخەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەتەواوی هونەری حەیرانیان پشت گوێ خستووە. دەشڵێت چەندین کار و چالاکیان ئەنجامداوە ڕێزلێنانیان بۆ هەندێک هونەرمەند کردووە، بەڵام لەهیچیان حەیران و حەیرانبێژیان تێدا نەبووە. هەروەها دەڵێت: ڕێزم بۆ هەموو کەلتورێکی گەلان هەیە، بەڵام مخابن لێرە لەکوردستان و لەشاری هەولێر کەخاوەنی هونەری ڕەسەنی حەیرانە پشت گوێیان خستووە و دێن کەلتوری گەلێکی تر لەسەر ئەم هونەرە ڕەسەنە کوردییە زاڵ دەکەن .
لەکۆنەوە شۆرشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد هەروابووە کورد بەبەردەوام قوربانیداوە شەهیدی داوە کەچی کەسانێکی تر دێن کەڕۆژێک لەڕۆژان قوربانییان بۆ ئەو گەلە ستەم دیدەیە نەداوە و دێن فەرزیان دەکەن لەسەر ئێمە لەهەموو بوارێک پێشیان دەخەن .
سارمەمی گوتی: هەولێر واتا حەیران ، ڕاستە نەتەوەکانی تریش ژیاون کلتوری خۆیان هەیە بۆ نموونە هونەری تورکمانەکان (قۆریات)یان هەیە، چەندین هونەرمەندی تایبەت بەخۆیان هەبوەو هەیە خزمەت بەو هونەرە دەکەن، بەڵام ئەوە نابێ تۆ بێی فەرزی کەی بەسەر حەیران و هونەری میللەتێکی دیکە، کە هونەرێک گەورەی گەلێکی گەورەی وەکو کوردە من لەگەڵ ئەوە نیم هونەرەکانی تر پشتگوێ بخرێن .
من هونەرم بەگشتی خۆشدەوێ ، بەڵام ناکرێ هونەری ڕەسەنی حەیران بەتەواوی پشتگویێ بخەن و باوەش بۆ هونەری بێگانە بکەنەوە، حەیران بەرەو نەمان دەچێت ، ئەگەر بەهۆی خۆشەویستی چەند هونەر دۆست و فۆڵکلۆر دۆستێک نەبووایە دەمێک بوو ئەم هونەرە خراپتر دەبوو .
زۆر لەمێژە دەمەوێ بابەتەک بنوسم لەسەر حەیران و ئەوکەسانەی کەبەزۆر خۆیان بەو هونەرە شۆڕکردۆتەوە لێرەدا نامەوێ باسی ئەوە بکەم کە حەیران سەر بەچ ناوچەکە یاخود سەر هەڵدانی حەیران لەکوێ سەری هەڵداوە، گرینگ ئەوەیە کە هونەری ڕەسەنی حەیران موڵکی کوردە و لەباب و باپیرانمانەوە گوتراوە و پشتاوپشت بۆ نەوەی ئێستا هاتووەو جێگای شانازی هەموو تاکێکی کوردە .
بەداخەوە کۆمەڵێک کەس هەن لە ئێستا ئەو هونەرەیان بەتەواوی شێواندووە و چەند دەنگێکی نەشاز هان کە گوێگر بێزار دەکەن لەبیستنی حەیران وادەکات هیچ چێژێک لەتێکستەکەش وەرنەگرێ .
هەروەها نەشارەزایی لەئەدای حەیران هۆکارێکی ترە ، بەداخەوە هەندێک لەوکەسانەی ئێستا حەیران دەچڕن بەهیچ شێوەک حەق بە حەیران نادەن و ئەدایەکی زۆر نەشاز دەکەن و هیچ زانیاریەکیان لەسەر حەیران و گوتنی نییە، نازانن بۆ یەک خولەک لەسەر حەیران بدوێن و شی بکەنەوە . هەروەها نەشارەزایی لە میوزیک و مەقامات ئەوەش بڕگەکی یەکجار گرینگە بۆ حەیران بێژان ،چونکە هەندێک لەو گەنجانەی ئێستا کەحەیران دەچڕن بەداخەوە هیچ شارەزایەکیان لە تۆن و مقاماتەکان نییە و هەڕەمەکی بەناو دەکەون .
من زۆر جار باسی ئەوەم کردووە پێشنیارم کردووە بۆ ناوەندی حەیران بێژان کە لەڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیری لێژنەک پێک بێنن بۆ ئەوەی پۆلێنێک بکەن و چاک و خراپ لێک جیا بکرێتەوە.. لێرەدا مەبەستم ئەوەنییە ئەوکەسەی نازانێ حەیران بڵێ واز بینێ، نەخێر بازیاتر بخوێننەوە گوێ لەحەیران بێژە کۆنەکان بگرن بازیاتر گوێ لەمیوزیک بگرن و پرسیاربکەن دەربارەی حەیران بۆ ئەوەی حەیران بەئەکادیمی بکرێ لەو هەڕەمەکییە ڕزگاریبێ .
بەڵام من تەنها خەتا لەوکەسانە ناگرم کە ئەوهونەرە ڕەسەنەی حەیرانیان شێواندووە ، لێرەدا ڕووی ڕەخنەم دەکەمە وەزارەتی ڕۆشنبیری چونکە وەکو لایەنی پەیوەندیدار ئەوە ئەرکی ئەوانە .
تیڤیەکان تا چەند دەوریان هەبووە لەبوژاندنەوەی فۆلکلۆرو کەلتوری باب و باپیران سەد ئەوەندەش لایەنی نەرێنیان هەیە لەشێواندنی ئەو هونەرە. چونکە ئەوەی هات گوتی من حەیران دەڵێم بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکا لەڕووی دەنگ و ئەدای حەیران یەکسەر دەیان هێننە سەر شاشەو حەیرانیان پێ دەڵێن چەند جاریش ئەو پێشنیارەم بۆ تیڤیەکان کردیە بەڵام بەداخەوە بەهەندیان وەرنەگرتووە.
ناوەندی حەیران بێژانی کوردستانیش دەورێکی خراپیان گێڕاوە لەچەندین بۆنەو فیستیڤاڵ کەسی نەشارەزایان پێشخستووە و نیشانی بینەرو جەماوەریان داوە هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو کارە نەناوە .
چەندین جاریش لەکۆبونەوەو دانیشتنەکان ئەو پێش نیارەم بۆ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کردووە کەپێویستە ئەوکەسانە تۆنیان خاوێن بکرێتەوەو زیاتر شارەزابن لەبواری حەیران گوتن ، یاخود خولێکیان بۆ بکرێتەوە ، بەڵام ئەوانیش بەتەواوی پشت گوێیان خستووە و بێ دەنگن !!!! لەکۆتایی دەڵێم ئەگەر ئەو لایەنانەی کەپەیوەندیدارن بەو هونەرە خەمێکی لێ نەخۆن ئەوا بەیەکجاری ئەوهونەرە ناشیرن و لەناوچوون دەچێت .
هێمن مەغدید ڕەحمان لە لەدایکبووی ساڵی 1979 ی هەولێرە و لەگەڕەکی تەعجیل چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. وەک خۆی دەڵێت لەساڵی 2010 بەشداری پێشبڕکێی حەیرانی کرد لەبنکەی مەقام کە سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە و لەو پێشبڕکێیەدا توانیویهتی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت . هەروەها خاوەنی 5 کلیپه و بەشداری چەندین ڤیستیڤاڵی کردووە لەناوەو دەرەوەی کوردستان .
عەبدولقەهارهەولێری ــ هۆڵەندا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.