Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 06:00

ترامپ سزاکانی سه‌ر حزبوڵڵای لوبنانی قورستر کرد

ترامپ: جیا له داعش هیچ گروپێكی تیرۆریستیی دیكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی حزبوڵڵای لوبنان خوێنی ئه‌مریكییه‌كانی نه‌ڕشتووه‌
ترامپ سزاكانی سه‌ر حزبوڵڵای لوبنانی قورستر كرد
کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: كه‌ یاسای قورستر كردنی سزا داراییه‌كانی له‌ دژی حزبوڵڵای لوبنان و پشتیوانانی ئه‌م گروپه‌ی واژۆ كردووه‌.

سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ رێوڕه‌سمی سی و پێنجه‌مین ساڵیادی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ركانی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ به‌یروت روویدابوو، له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ كۆشكی سپیی پێشكه‌شی كرد وێڕای ئاماژه‌ به‌ حزبوڵڵای لوبنان وتی: جیا له‌ تیرۆریستانی داعش، هیچ گروپێكی تیرۆریستیی دیكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی حزبوڵڵای لوبنان خوێنی ئه‌مریكییه‌كانی نه‌ڕشتووه‌.

ترامپ وێڕای رێزلێنان له‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییانه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌ی 23ـی ئۆكتۆبه‌ری 1983 له‌ به‌یروت گیانی خۆیان له‌ده‌ستدا، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا تۆڕه‌ دارایی و لۆجستییه‌كانی حزبوڵڵای لوبنان ده‌كات به‌ ئامانج كه‌ له‌ رابردوودا به‌ربڵاوتر و به‌هێزتر بوون.

ئۆفیسی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی ترامپ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ هۆكاری ئه‌م بڕیاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گروپه‌ كرداری رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتن له‌ دژی هاوڵاتییانی ئه‌مریكیی ئه‌نجامده‌دات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ سزا نوێیه‌كان هاوڵاتیی و دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هاوكاریی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و كرده‌وه‌ی تاوانكاریی سه‌ر به‌ حزبوڵڵای لوبنان.

ترامپ له‌ وتاره‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد به‌ رۆڵی ئێران وه‌ك پشتیوانی سه‌ره‌كیی حزبوڵڵای لوبنان  و وتیی: كاتێك كه‌ تازه‌ ببووم به‌ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ هه‌وڵدابوو په‌ره‌ بدات به‌ پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا، به‌ڵام له‌ ئێستادا په‌له‌قاژه‌ی ئه‌وه‌یه‌تی گیانی خۆی رزگار بكات.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.