بەرپرسی لقی پازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاند: حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین دەستیان كردووە بە گەڕاندنەوەی داعشەكان و دەیانكەنە چەكداری خۆیان، ئەوانیش دەچنە سەر گوندەكان و دەست بەسەر زەویی كوردەكاندا دەگرن.
بەرپرسی لقی پازدە گوتیشی: بەشێكی عەرەبەكان لە سنووری خانەقین كاتی خۆی كۆنەبەعسی بوون و دواتر چوونە ناو رێكخراوی قاعیدە و دوای ھاتنی داعشیش دەستیان لەگەڵ ئەواندا تێكەڵ كرد و بوونە چەكداریان، ئەمەیش ھەمووی بۆ ئەوەی دژایەتیی كورد بكەن و شەڕیان لەگەڵ پێشمەرگە دەكرد و پێشمەرگەیشیان شەھید كردووە، دوای ئەوەش كە پێشمەرگە ناوچەكەی رزگار كرد، ئەوانە ڕایان كردبوو، بەڵام ماوەیەكە حەشدی شەعبی لە دژی كورد رێككەوتنی لەگەڵ كردوون و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە و دەیانكاتە چەكداری خۆی، ئەوانیش دەچنە سەر گوندەكان لە سنووری شێخ باوە و دەست بەسەر زەویی كوردەكاندا دەگرن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پازدەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه ئەوانە كاتی خۆی لە قەرەبووی ئەو زەویانە ھەریەكەیان 20 ملیۆن دیناریشی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بە پاڵپشتیی حەشدی شەعبی دەیانەوێت بە زۆر زەویی كوردەكان داگیر بكەنەوە، بۆیە ئێمەیش سەركردایەتیی خۆمان لەو بارەیەوە ئاگادار كردووەتەوە.
بەرپرسی لقی پازدەی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك خێزان گەڕێندراونەتەوە و تەنیا لە سێ رۆژی ڕابردوویشدا 20 خێزانی دیكەی داعشەكان گەڕێندراونەتەوە بۆ جەلەولا كە ئێستا لە خانووی كرێدان، چونكە شوێنیان نییە تێیدا نیشتەجێ بن و، ئینجا دەیانەوێت كێشە بۆ هاووڵاتیانی كورد دروست بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.