سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پۆستەکانی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتییە و ئەوەی ھاوپەیمانیشمان لەگەڵ دەکات، تەنیا جێگرەکانی بەر دەکەوێت.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش هەڵبژێردراوەتەوە، بە باسنیوزی ڕاگەیاند" لەگەڵ تەوافوق و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش داین، بەڵام کاتێک ھێزی یەکەم دوو ھێندە و زیاترە لە ھێزی دووەم، ئەو جیاوازییە زۆرە لە ڕێژەی دەنگەکانیاندا ھەیە، دەبێ بەپێی خاڵبەندیی و ژمارەی کورسییەکان پۆستەکان دابەش بکرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بوون بە ئۆپۆزسیۆنی ھەندێک لایەنی سیاسی، ڕوونی کردەوە" ئێمە ڕێز لە بۆچوونەکانیان دەگرین و ئەوە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە جوان نیشاندانی پرۆسەی سیاسی، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە بکەین".
جەختیشی کردەوە کە پارتی ئەگەر لە 45 کورسیی پەرلەمانی کوردستانیش زیاتری بهێنایە، هەر ھەوڵی نەدەدا بەتەنیا حکوومەت پێک بھێنێت، چونکە ”بەرژەوەندیییە گشتییەکانمان لە پێش ھەموو دەستکەوتەکانی خۆمانەوە داناوە و لە دونیای پێشکەوتوودا ھەمیشە ھێزی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن پۆستی یەکەم دەبات، واتە ئێمە مافی خۆمانە کە بڵێین سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێمەیە، بۆیە لەگەڵ ھەر ھێزێک ھاوپەیمانی بکەین، ئەوا پۆستی دووەم، واتە جێگرەکانی بەر دەکەوێت".
ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا کە ”بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز“ بووە، بۆیە ”لە قۆناغی یەکەمدا ھێزی خۆمان سەلماند و لە 38 کورسییەوە، ڕێژەکەمان بۆ 45 کورسی بەرز بووەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.