Erbil 15°C دووشەممە 03 شوبات 17:06

ئاژانسى فرانس پرێس: بارزانى له‌ جاران به‌هێزتر بووه‌

عادل باخه‌وان: پارتى خاوه‌نى سه‌نگێكى گه‌وره‌ى سیاسییه‌و ناكرێت له‌ به‌غدا په‌راوێز بخرێت
کوردستان TV
100%

ئاژانسى ده‌نگوباسى فه‌ره‌نسى (فرانس پرێس)، له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بارزانى له‌ جاران به‌هێزتر بووه‌. پارته‌كه‌شى (پارتى دیموكراتى كوردستان) بووه‌ته‌ یه‌كه‌م حزبى براوه‌ى بێ هاوتا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا و ده‌شتوانێت حسابى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌، كه‌ دواى ریفراندۆم خۆیان خزانده‌ سه‌نگه‌رى به‌غدا و دژایه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان ده‌كرد.

ئاژانسه‌كه‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، سه‌ركرده‌ى هه‌ڵكه‌وتووى كورد، مه‌سعود بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان، ئێستا هێزى باڵاده‌ست و بێ هاوتان له‌ هه‌رێمى كوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ گۆڕه‌پانى سیاسه‌تى ئیتیحادى له‌ به‌غدا لایه‌نێكى سیاسى به‌هێزه‌ و ده‌ستكه‌وتى به‌ده‌ستهێناوه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ كێبڕكێى به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆكى كۆماردا نه‌یتوانى براوه‌ بێت، به‌ڵام هاوسه‌نگى هێز له‌ كێبڕكێى به‌ده‌ستهێنانى پۆسته‌ وه‌زارییه‌كاندا به‌لاى پارتیدا ده‌شكێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكردووه‌، له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتیى له‌ ئایار/ مایۆدا بۆ په‌رله‌مانى عێراق، پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ به‌ده‌ستهێنانى 25 كورسى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بووه‌ گه‌وره‌ترین حزبى عێراق. به‌و پێیه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى پێشى پارتى كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانى چه‌ند حزب و ره‌وت و بزووتنه‌وه‌یه‌كى سیاسیین. ته‌نیا پارتى بوو به‌ ته‌نیا به‌شدارى له‌ كێبڕكێیه‌كه‌دا كردووه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیشدا كه‌ له‌ 30ى ئه‌یلوولى رابردوو ئه‌نجامدرا، پارتى له‌ كۆى 111 كورسى په‌رله‌مانى كوردستان 45 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ تا مه‌ودایه‌كى دوور پارتى نوێنه‌رى هه‌ره‌ گه‌وره‌ و دیارى كوردى عێراق بێت.

له‌ رووى تیۆرییه‌وه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان، زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى هه‌یه‌. پێویستیى به‌ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى نییه‌ له‌گه‌ڵ هیچ ركابه‌رێكیدا، به‌ڵكو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت پێویستى ته‌نیا به‌ پشتگیرى كورسییه‌كانى كۆتا هه‌یه‌، كه‌ ژماره‌یان 11 كورسییه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، توێژه‌ر له‌ كۆلیژى توێژینه‌وه‌ باڵاكان له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كانى پاریس، عادل باخه‌وان، به‌ ئاژانسه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان ئێستا خاوه‌نى سه‌نگێكى گه‌وره‌ى سیاسییه‌ له‌ سیاسه‌تى كوردیدا. ناكرێت له‌ به‌غدا په‌راوێز بخرێت. هه‌ر بۆیه‌ پارتى داواى وه‌زاره‌ته‌كانى ده‌ره‌وه‌ و دارایى، یان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات.

عادل باخه‌وان ئه‌وه‌شى وتووه‌، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى 12ى ئایارى عێراق، قۆناغێكى گه‌وره‌ بوو، كه‌ بووه‌ هۆى دوو دڵى هه‌ردوو هێزى ئه‌مه‌ریكا و ئێران، كه‌ دوو هێزى گه‌وره‌ن له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى عێراقدا.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، دوور له‌ به‌غدا، پارتى دیموكراتى كوردستان ئێستا ده‌توانێت حسابى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا یه‌كلا بكاته‌وه‌، كه‌ دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، خۆیان خزانده‌ سه‌نگه‌رى حكومه‌تى به‌غدا و پشتیوانى رێككاره‌ تونده‌كانى به‌غدایان له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرد. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.