Erbil 14°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 08:52

سه‌رۆک بارزانی: حکوومه‌تێکی به‌هێز بۆ کوردستانێکی به‌هێز و بۆ خزمه‌تکردنی گه‌ل داده‌مه‌زرێت

به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆكی بارزانی له‌ په‌یامێكیدا به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، له‌ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ پشت به‌ خوای گه‌وره‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز، بۆ كوردستانێكی به‌هێز و، بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل داده‌مه‌زرێت.

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌ی په‌یامه‌كه‌یه‌..

په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر و به‌ ئه‌مه‌كی كوردستان ده‌كه‌م. شانازییه‌كی مه‌زنه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان متمانه‌ی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و متمانه‌یه‌شه‌ كه‌ بنه‌مای شه‌رعییه‌ت و به‌رده‌وامبوونه‌ و، به‌ڵگه‌ و شاهیدییه‌كی ڕوونه‌ بۆ خه‌بات و ده‌ستكه‌وت و ئامانجه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌، سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌یه‌،

سه‌ركه‌وتنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نه‌مره‌، سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێبازه‌یه‌ كه‌ قوربانییه‌كی بێ هه‌ژمار و هه‌زاران شه‌هیدی داوه‌. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێبازه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان نه‌كردووه‌ و ناشیكات. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێبازه‌یه‌ كه‌ له‌پێناو پێكه‌وه‌ژیان و ئازادی و دیموكراسیدا خه‌باتی كردووه‌.

به‌بۆنه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مێژووییه‌، پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی و كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگر و جه‌ماوه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌م و سوپاسیان ده‌كه‌م كه‌ هیمه‌تیان كرد و له‌پێناو به‌دیهێنانی كوردستانێكی به‌هێزدا پارتییان سه‌رخست. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یش پشت به‌ خوای گه‌وره‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز، بۆ كوردستانێكی به‌هێز و، بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل داده‌مه‌زرێت.

هه‌ر لێره‌یشه‌وه‌ ئه‌م وته‌یه‌ی بارزانیی نه‌مر وه‌بیر كادیر و لایه‌نگرانی پارتی ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ " له‌ سه‌ركه‌وتندا مه‌غروور مه‌بن و، له‌ شكستیشدا نائومێد مه‌بن"، ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی بارزانیی نه‌مر بكه‌نه‌ سه‌رمه‌شقی خۆتان و نابێ سه‌ركه‌وتن مه‌غروورتان بكات چونكه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌، سه‌ركه‌وتنی هه‌موو گه‌لی كوردستانه‌ و بۆ خزمه‌تی كوردستانه‌.

ئێستایش كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌موومان یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی میلله‌ته‌كه‌مان بپارێزین و داوا له‌ هه‌موو لایه‌كیش ده‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و هاوده‌نگیی نیشتیمانی بكه‌نه‌ ئه‌وله‌وییه‌ت و له‌سه‌رووی هه‌موو بابه‌تێكه‌وه‌ دابنێن.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ئازادی

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان

مسعود بارزانی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.