دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو کەسانەی دەستگیر کرد کە بۆڕیی نەوتیان بە نایاسایی کون کردبوو و نەوتەکەیان بە تاڵان بردبوو. سیاسەتمەدارێکی کورد ڕایدەگەیەنێت، بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستا سەروەرییەکی گەورەیان تۆمارکردووە. دەشڵێت، ھەموو کەسێک دەزانێ خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەوتی کەرکوک دەفرۆشن، بۆیە ھەرکەسێک گەندەڵی لەوشێوەیە بکات، پێویستە سزا بدرێت.
د. ناسیح غەفور، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری شاری کەرکوک لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "ھەرکەسێک لەڕێگەی فێڵ و قاچاخەوە زیان بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت، من پێم وایە دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، چاوکراوەن و بەدوای بەڵگەی باوەڕپێکراو دەگەڕێن بۆئەوەی ئەو جۆرە کەسانە دەستگیربکەن".
گوتیشی: "ئەوانەی نەوتیان بە نایاسایی کون کردووە، ئەگەر خۆیان ئەو کارەیان کردبێ، یان شەریک بن لەگەڵ بازرگانەکاندا دواجار ئەو کەسانە بەچاوساغیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، بێگومان ئەوە کارێکی باشە و یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکان".
ئاماژەی بەوەشدا: " گروپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتێک بەجۆرێک باسی ئەو کەسانە دەکەن، کە بۆری نەوتیان بە نایاسایی کون کردووە، ھەموو کەسێک دەزانێ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆپەر چەندە کارەساتێکی گەورە بووە، دواتر ئەو گروپەی کە خیەنەتەکەیان ئەنجامداوە، ئێستا بەئاشکرا دەڵێن، ھەڵەمان کردووە. بۆیە گروپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناتوانن، جێدەستی خیانەتی خۆیان بەو کەسانە بشارنەوە کە بازرگانیان بە نەوتەوە کردووە و لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ھەولێرەوە دەستگیرکراون، ھەروەھا ئەوانەی کە خیانەت و بازرگانی بەنەوتەوە دەکەن، پێویستە دەسگیربکرێن و سزابدرێن".
د.ناسیح غەفور، باسی لەوەشکرد: "گروپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەئاشکرا نەوتی کەرکوک لەڕێگەی کرمانشانەوە بە قاچاخ دەبەن بۆ ئێران، بۆیە پێویستە ھەموو ئەو کەسانەی قاچاخچێتی دەکەن، ھاوشێوەی ئەو کەسانەی کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیری کردوون، ئاوا دەستگیربکرێن و سزا بدرێن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.