ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاوڵ گیبارد باڵیۆزی تازەی كەنەدا لە عێراق و خاتوو نانسی بێڕگێڕن كونسوڵی كەنەدا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق كە یەكەم باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراقە لەدوای ساڵی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە. هەروەها ئاماژەی بە سیستەمیی سیاسی و ئەزموونی فیدڕاڵیزمی كەنەدا دا و داوای كرد هاوكاری و پەیوەندیی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان لەبواری سیستەمی ئیداری و سیاسی و كاركردن بۆ یەكسانیی جێندەری و بەشداریی كارای ئافرەت پەرە پێ بدرێت.
باڵیۆزی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە وڵاتی كەنەدا لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشدار بووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی تازەی كەنەدا كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدایشی كرد كە لەشەڕی دژی داعشدا هاوكاری و یارمەتییان پێشكەشی پێشمەرگە كردووە. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا و ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە هەرێمی كوردستان هیچ سەقفێك بۆ بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە دانەنراوە و بە پێویستی زانی ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارێكدا كاراتر بێت.
دامەزراندنی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
دانانى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.