Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 13:48

وه‌زیری ته‌ندروستی: گه‌یشتینه‌ کۆمه‌ڵێک بڕیار که‌ دڵخۆشکه‌رن بۆ که‌رتی ته‌ندروستی

دوێنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بریارێكی گرنگی له‌باره‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌ركرد
کوردستان TV
#7
100%

رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی ھه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، حكوومه‌ت چه‌ند بڕیارێكی له‌باره‌ی بازرگانیكردن به‌ ده‌رمان ده‌ركردووه‌ ، هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌ی ده‌رمانی نیشتمانیش له‌ ھه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێت .

هه‌روه‌ها گوتی: لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكھێندراوه‌ و گه‌یشتینه‌ كۆمه‌ڵێك بڕیار كه‌ دڵخۆشكه‌رن بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی، ئێستاش خه‌ریكی دامه‌زراوه‌ی ده‌رمانین له‌ ھه‌رێمی كوردستان و دامه‌زاروه‌كه‌ش له‌ 51%ی ھی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و له‌ 49% ھی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێت.

دوێنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بریارێكی گرنگی له‌باره‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌ركرد، كه‌ بریتی بوو له‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر تۆماری كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆتایی پێبهێنێت به‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌بواری  'ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و پێداویستی تاقیگه‌یی و مادده‌ی كیمایی و به‌كتریۆلۆژییه‌كان و مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ بواری پزیشكی ددان ئامێری پزیشكی و ئامێره‌كانی خزمه‌تگوزاری  پزیشكی و مادده‌ كارا و ناكاراكان و مادده‌كانی پێچانه‌وه‌كه‌ له‌ پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی ده‌رماندا به‌كاردێن و ده‌رمانی گیایی و ته‌واوكه‌ری خۆراك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی كۆتایی پێهێنانی كۆمپانیای هاتوو له‌ یاسای ئاماژه‌پێدراو تیایاندا هاتووه‌ته‌دی.

هه‌روه‌ها ھه‌ر كه‌سێك مۆڵه‌تی ته‌ندروستی نوێ نه‌كاته‌وه‌، مافی پێدانی مۆڵه‌تی لێده‌سه‌ندرێته‌وه‌، ھه‌ر پزیشك و لایه‌نێك پێش ئه‌م بڕیاره‌ رێككه‌وتنیان بۆ ساخكردنه‌وه‌ی ده‌رمان واژۆكردووه‌، ده‌بێت ھه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ بڕیاره‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ داواكاریی گشتیی چاودێری جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی بڕیاره‌كه‌ ده‌كات و ھه‌ر رێككه‌وتنێك به‌ھه‌ر شێواز و له‌ژێر ھه‌ر پاساوێكدا بێت له‌نێوان پزیشك و ده‌رمانساز و مه‌ندوبی كۆمپانیاكانی بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكیی قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌: پزیشكی ددان له‌ كاتی نووسینی راچێته‌ی پزیشكی ده‌رمان بۆ نه‌خۆش ته‌نیا ناوی زانستی بنووسن و، نابێت له‌ژێر ھه‌ر بیانوو و پاساوێكدا ئاماژه‌ به‌ ناوی بازرگانی كۆمپانیاكان بكرێت.

له‌ كۆتاییدا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ ھه‌ر كه‌سێك به‌رھه‌مه‌ پزیشكییه‌كان، یان كه‌ره‌سته‌ كیمیاییه‌كان ساخته‌، كۆپی (تقلید) بكات و، كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ئه‌نجام بدات یان دروستیان بكات، به‌پێی یاسا سزا ده‌درێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.