Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 01:58

برۆکسل ئیکپریس: کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌غدا که‌رکوک بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ کوردستان

پاش یه‌ك ساڵ تێپه‌ربوون ئه‌وان هێشتا هه‌ست به‌ رووشاندن و تووڕه‌بوون ده‌كه‌ن
کوردستان TV
100%

ماڵپه‌رى برۆكسل ئیكپریس، له‌سه‌ر رووداوى 16ی ئۆكتۆبه‌ر نوسراوێكى بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ر جه‌یمس ویلسه‌ن ئاماده‌كراوه‌، جه‌یمس ویلسه‌ن به‌ڕێوبه‌ری دامه‌زرێنه‌رى ئه‌نجوومه‌نى بازرگانى ئۆكرانیایه‌ له‌ ئه‌وروپا و سه‌رۆكى به‌ڕێوبه‌رى تۆڕى ئینته‌رنێتی كییفه‌ له‌ برۆكسل، زیاتر له‌ 30 ساڵ ئه‌زموونى هه‌یه‌ له‌ بوارى گواستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان.

ویلسه‌ن له‌ نووسراوه‌كه‌یدا باسی له‌ داگیركردنى كه‌ركوك كردووه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ نووسه‌ر ده‌ڵى:

16ى ئۆكتوبه‌ر ساڵیادى داگیركردنى عێراقى دڕنده‌یه‌ بۆ كوردستان و پاشكۆبوونى شه‌رمه‌زارانه‌ى كه‌ركوك كه‌ سه‌روه‌رى ده‌ستوورى عێراقى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، میلله‌تى كورد رووبه‌رووى خیانه‌ت بوونه‌وه‌، پاش یه‌ك ساڵ تێپه‌ربوون ئه‌وان هێشتا هه‌ست به‌ رووشاندن و تووڕه‌بوون ده‌كه‌ن، ئه‌وان شان به‌ شان له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و سوپاى عێراقى شه‌ڕیان كرد دژى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى، كاتێك داعش سوپاى عێراقى تێكشكاند، پێشمه‌رگه‌ى كورد وه‌ك جه‌نگاوه‌ر هه‌موویان دلێرانه‌ هه‌وڵى ڕزگاركردنى كه‌ركوكیان دا له‌ ساڵى 2014 و تا بیپارێزن و بیگه‌ڕێننه‌وه‌.

كوردستان له‌و كاته‌دا دڵخۆش نه‌بوو له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى كه‌ حكومه‌تى ناوه‌ند ده‌یكرد له‌گه‌ڵ هه‌رێم، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر پرسى بوودجه‌ بۆ پشتگیرى پزیشكی و هاریكارى و ناردنى پێداویستى بۆ 1 ملیۆن و 500 هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره‌ كه‌ له‌ كوردستان بوون به‌هۆى شه‌ڕى دژ به‌ داعش له‌ سووریا ده‌ربه‌ده‌رى ماڵ و حالیان بوون. 

جه‌یمس له‌سه‌ر كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌ریمى كوردستان باسى بانگه‌شه‌ى كوردى كردووه‌ كه‌ له‌ ئه‌یلولى ساڵى 2017 بۆ ئه‌نجامدانى راپرسى گشتی له‌سه‌ر ئاینده‌ى ناوچه‌كه‌یان و هه‌روه‌ها تا به‌غداش بهێنێته‌ سه‌ر مێزى گفتووگۆ وه‌ك رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان.

جه‌یمس ویلسه‌ن له‌ درێژه‌ى نووسراوه‌كه‌ى دا باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانى ئێران كه‌ركووكیان راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ند كرد و هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌و داگیركردنه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌یان كوردستانیان لاواز كرد و گه‌مارۆى سیاسى و ئابوورییان سه‌پانده‌ سه‌رى و بووه‌ هۆى ده‌ربه‌ده‌ركردنى 150 هه‌زار كه‌س بۆ كوردستان له‌و داگیركردنه‌ وه‌حشیه‌ى كه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌یان هات و بوو به‌ زه‌ره‌رێكی ماددیى و مروویى بۆ سه‌ر كوردستان.

نووسه‌ر هه‌روه‌ها ئه‌لێ: دواى ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌، بارودۆخه‌كه‌ ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو گۆڕاوه‌، مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كه‌ جێگره‌وه‌ى تیله‌رسون بوو هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات عێراقێكى دادپه‌روه‌ر و یه‌كسان دروست بكه‌ن، له‌ هه‌ڵبژاردنى 2018ى عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق كه‌ له‌وه‌ پێش پشتگیریه‌كى به‌هێز ده‌كرا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ دووچارى شكستێكى گه‌وره‌ بۆوه‌ كاتێك ته‌نها 42 كورسى به‌ده‌ستهێنا له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌و كاته‌ى پارته‌ كوردییه‌كان 58 كورسیان به‌ده‌ست هێنا.

ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ناوچه‌ و پارته‌ كوردییه‌كان هاتن كلیلى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراقیان پێیه‌ و بوون به‌ كلیلى پێكهێنانى حكومه‌تێكى لێهاتووى پشتگیرى ڕۆژئاوا بێت له‌ به‌غدا.

نووسه‌ر هه‌روه‌ها باس له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ 30ى مانگى ئه‌یلولی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو پارتى دیموكراتى كوردستان به‌كه‌مى هێناوه‌ و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان دووهه‌مین بوو.

ویلسه‌ن ده‌ڵێت بۆ ئه‌مریكا و یه‌كێتى ئه‌وروپا سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له‌نێو عێراقێكى یه‌كگرتوو و به‌هێز گرنگه‌ بۆ ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئێرانى تێدایه‌ وه‌ك هێزێكى فێڵباز و كوردستان گرنگه‌ بۆ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ به‌هۆى شوێنى ستراتیجى له‌ په‌یوه‌ندى كردن له‌گه‌ڵ ئێران و سووریا و توركیا و عێراق.

نووسه‌ر ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌رى كیشه‌كان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، حكومه‌تى ناوه‌ند له‌ به‌غدا پێویسته‌ به‌ خێرایى بجوڵێت تا متمانه‌ دروست بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر (پایته‌ختى كوردستان) ئه‌وان پێویستى دڵنیاكردنى وه‌به‌رهێنه‌رى بیانیین تا له‌و رێگایه‌وه‌ هه‌وڵى دروستكرنه‌وه‌ى وڵات بده‌نه‌وه‌.

له‌ كۆتایى نووسینه‌كه‌دا جه‌یمس ویلسه‌نى نووسه‌ر بۆ ڕێگا چاره‌سه‌ر ده‌ڵێت: تاكه‌ ڕێگاش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تا ڕووبدات ده‌بێت به‌غدا و هه‌ولێر داهاتى نه‌وت و بودجه‌ى عێراق به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان و شه‌فافانه‌ دابه‌ش بكه‌ن، بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌وه‌ش ده‌بێت متمانه‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دروست ببێته‌وه‌ هه‌روه‌ها كوردستان به‌ یه‌كسانى به‌شى خۆى له‌ بودجه‌ى داهاتى عێراق پێ بدرێت بۆ بونیاتنانه‌وه‌ى وڵات كه‌ نه‌ك ته‌نها به‌ده‌ستى داعش خاپوور كرابوو به‌ڵكو هێشتا كاریگه‌رى جه‌نگى ئێران و عێراقى پێوه‌ ماوه‌. 

هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت به‌شێك بێت له‌و ڕێككه‌وتنه‌.

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.