Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 20:36

سبه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر تێده‌په‌رێت

به‌هۆی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕۆژانه‌ چه‌نده‌ها تانكه‌ر نه‌وت ئاودیوی ئێران ده‌كرێ
کوردستان TV
#7
100%

سبه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2018 ساڵێك به‌سه‌ر داگیركردنی كه‌ركووك تێده‌په‌رێت، په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش به‌ نێوچه‌وانی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ كه‌ركووكیان فرۆشت و راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبییان كرد.

سبه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 پارێزگای كه‌ركووك شارۆچكه‌ی خورماتوور و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ده‌ستی باڵێكی نێو یه‌كێتی ئه‌م ناوچانه‌ به‌رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرا.

لە 16ی ئۆکتۆبەردا هێرش کرایە سەر کوردستان و له‌ رێككه‌وتنێكی نهێنیدا كه‌ركووك راده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقیه‌كان كرا، ئامانجی ئه‌و هێزه‌ش كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری نه‌بوو به‌ڵكو پیلانه‌كه‌ بۆ هه‌ڵواشانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌خاڵه‌كانی پردێ و سحێلا و مه‌حموودیه‌ توانیان به‌رگرییه‌كی بێ وێنه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هێزه‌ میلیشیاكان بووه‌ستێنن، ئه‌و كات سەرۆک کۆماری عێراق كه‌ پارێزه‌ری ده‌ستووره‌ بۆ یه‌ك چركه‌یش  هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ نه‌بوو.

له‌م نێوه‌نده‌دا پارێزگاری كه‌ركووك نه‌جمه‌دین كه‌ریم ویستی شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رگری له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ بكات، به‌ڵام به‌ هۆی خیانه‌تی تاقمێكی نێو یه‌كێتی رێگرییان لێكرا، به‌هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار كوردی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری ئاواره‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان كران و به‌سه‌دان خانووی هاووڵاتیان كورد له‌ خوورماتوو تاڵانكران و سوتێندران و ته‌قێندرانه‌وه‌ بارودۆخی ئه‌م ناوچه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌ش و فشاری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیدایه‌.

له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر كورد ده‌یان پۆستی له‌ده‌ستداو هه‌موو پۆسته‌كانیش ڕاده‌ستی عه‌ره‌ب و توركمان كران، ئێستاش كورد هیچ پۆستێكی له‌ فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان له‌ده‌ست نییه‌، هه‌تا باره‌گای یه‌كێتیش له‌ كه‌ركووك ناتوانێت ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینایه‌كه‌ی خۆی به‌رزبكاته‌وه‌.

دوای ساڵێك تێپه‌ربوون به‌سه‌ر خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئێستاش هێزە عێراقییەکان دەستیان بە جموجۆڵ کرد و ماڵی کوردانی کەرکووک دەپشکنن، ئه‌م كاره‌ بۆته‌ دڵگرانی دانیشتوانی شاره‌كه‌ و به‌ ناوچه‌یه‌كی عه‌سكه‌رتاریه‌ت ناوده‌بن.

به‌هۆی خیانه‌تی 16ى ئۆكتۆبه‌رى گرووپێكی ناو یه‌كێتی، كه‌ كه‌ركووكیان به‌ رێككه‌وتن ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرد، وه‌ك چاودێرانی دۆخی كه‌ركووك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و خیانه‌ته‌ له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژیاندا كاردانه‌وه‌ى هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌رتى خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کوردی‌.

تاڵانی نه‌وتی كه‌ركووك ده‌ستی پێ كردو ڕۆژانه‌ چه‌نده‌ها تانكه‌ر نه‌وت ئاودیوی ئێران ده‌كرێ، میلیشیاكانی حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تكاری 16ی ئۆكتۆبه‌رى ناو یه‌كێتی، به‌رده‌وامن له‌ دزینی نه‌وتی كه‌ركووك و ناردنی بۆ ئێران، رۆژ له‌دوای رۆژیش هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ ڕێگای تانكه‌ره‌وه‌ زیاد ده‌بێت، و داهاته‌كه‌یشی بۆ حه‌شدی شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌.

خیانه‌تی 16ى ئۆكتۆبه‌رى وایكرد رێگای سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولێر - كه‌ركووك دابخرێت كه‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌م ناوچه‌یه‌ باڵا ده‌ستبوو دوای ساڵێك به‌ مه‌رج ئه‌م رێگایه‌ی كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌ دانانی گومرگ بوو له‌ نێوان هه‌ولێر - كه‌ركووك و كه‌ركووك - سلێمانی باج له‌سه‌ر شتومه‌ك دانرا ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی بارگرانی بۆ هاووڵاتیانی كه‌ركووكه‌ كه‌ بووه‌ هۆكاری گرانبوونی كه‌لوپه‌ل به‌هۆی باجی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ كه‌ هاورده‌ی كه‌ركووك ده‌كرێت.

كه‌ركووك له‌ 2014ـه‌وه‌ كه‌ سوپای عێراق هه‌ڵات له‌ ترسی داعش و پێشمه‌رگه‌ به‌ په‌له‌ شوێنی گرتنه‌وه‌ و پاراستی، له‌و سێ ساڵه‌دا دۆخه‌ ئه‌منی به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵ كرا، له‌وكاته‌ی پێشتر رۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌ی تیادا تۆمار ده‌كرا، به‌ڵام دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، شاره‌كه‌ پێشكه‌شی میلیشیای عێراق كرایه‌وه‌ و دۆخی ئه‌منی ناجێگیره‌ و زۆربه‌ی شه‌وانه‌ ته‌قینه‌وه‌ رووده‌دات و قوربانیه‌كانیش دانیشتوانی كه‌ركووكن، ڕۆژانه‌ له‌و شاره‌ هاووڵاتىان ده‌فرێنرێن و نارنجۆك ده‌خرێته‌ ماڵى  كورد هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌كرێت.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.