Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 11:48

شارەزایەکی جینۆساید: هه‌موو تاوانه‌کانى 16ی ئۆکتۆبەر جینۆساید بوون

چەندین تاوان تۆمار کراون کە لە مێژوودا کەموێنە بوونە
کوردستان TV
100%

 لە ڕووداوەکانی ڕۆژانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دواتر بە دەیان تاوانی قێزەون و دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد لە کەرکووک و خورماتوو و خانەقین ئەنجام دران. شارەزایەکێ جینۆساید پێی وایە، پێویستە بەڵگە و دیکۆمێنتەکان لە دادگایەکی باڵا بخرێنە ڕوو بۆ دادگاییکردنی سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکە.

زەمان عەبدە، شارەزای بواری جینۆساید ئاماژە بەوە دەکات، ھەموو ئەو تاوانانەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕۆژانی دواتر ئەنجام دراون بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جینۆسایدن و چەندین تاوان تۆمار کراون کە لە مێژوودا کەموێنە بوونە و ھەموویشی بە بەڵگە و دیکۆمێنت تۆمار کراون، چونکە شایەتحاڵێکی زۆر ئامادەیە و بوونەتە قوربانیی پڕۆسەی داگیرکاری و جینۆساید لە کەرکووک و خورماتوو."

ئەو شارەزایەی جینۆساید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی جینۆساید ئەوەیە تاوان لە دژی پێکھاتە، یان لایەنێکی دیاریکراو ئەنجام بدرێت، پڕۆسەی داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا دژی کورد بووە، واتە سەرەڕای ھەبوونی پێکھاتەی جیاواز لەو ناوچانەی بەر پڕۆسەی داگیرکردن کەوتوون، تەنیا پێکھاتەی کورد کراوەتە ئامانج، چەندین تاوان ھەیە تۆمار کراوە و تاوانلێکراو ھاووڵاتییەکی ئاسایی بووە، نە پارتی بووە و نە یەکێتی بووە، تەنیا بە نەتەوە کورد بووە و لە لایەن ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە زوڵمی لێ کراوە و دەرکراوە، لەبەر ئەوەش بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕووی دا جینۆساید بووە دژی پێکھاتەیەکی عێراق."

زەمان عەبدە ڕوونی کردەوە: "لە ساڵی ڕابردووەوە دوای تاوانەکان خەڵێکی زۆر ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و دەستمان بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمێنت کرد، زیندووترین بەڵگە ھەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی شایەتحاڵی ڕووداوەکانن، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەیان تاوانی کوشتن و ڕفاندن و تاڵان و دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی ھاووڵاتییان ئەنجام دراون، جگە لە ئاوارەبوونی خەڵک و داگیرکردنی مڵک و ماڵیان، ئەمانە ھەمووی ئامادەن بۆ ھەر پڕۆسەیەکی دادگاییکردن."
 
زەمان عەبدە کێشەکانی بەردەمیان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "تەنیا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ھەیە، ئەویش تەنیا ئەو تاوانانە وەردەگرێت کە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجام دراون، ھیچ دادگایەکی دیکە نییە، ئەگەر دادگایەکی عێراقیش ئەو کەیسانە وەربگرێت ئەوە لە ژێر دەسەڵاتی شیعەدایە و ڕازی نابن سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دادگایی بکرێن، عێراق لە دادگای تاوانەنێودەوڵەتییەکانیشدا ئەندام نییە تا کەیسەکە بەرین بۆ لاھای، دەمێنێتەوە سەر نەتەوەیەکگرتووەکان، ھەرچەندە ھەوڵەکان بەردەوامن لەسەر بەدادگاییگەیاندنی بکەرانی جینۆسایدی کورد لە کەرکووک و خورماتوو، بەڵام ھەنگاوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر خێرا نین."

١٦ی ئۆكتۆبه‌ری پار بە خیانه‌تی گه‌وره‌ له‌ مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان وه‌سف ده‌كرێ، كه‌ له‌ لایه‌ن باڵێكی نێو یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌نجام درا، ئه‌و گرووپه‌ی دواتر به‌ باڵی خیانه‌تكار ناسران. له‌و ڕۆژه‌دا خورماتوو و كه‌ركووك و ناوچه‌گه‌لی دیكه‌، به‌ گوێره‌ی ڕێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر خرانه‌ به‌ر حوكمی پۆستاڵی حه‌شد و سوپای عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.