Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 20:43

هه‌زار و 778 که‌س سیڤی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیر پێشکه‌ش کردووه‌

چاوپێكه‌وتنی راسته‌وخۆی سه‌ركه‌وتووان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو ده‌بێت
کوردستان TV
100%

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌كۆی ئه‌وانه‌ی داواكارییان پێشكه‌شیان كردووه‌ 601 كه‌س له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا هه‌ڵبژێردراون.

نووسینگه‌ی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی راگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی سی ڤی بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆستی وه‌زیر له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت چه‌ند رۆژی رابردوو و له‌ پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق راسپێردرا، چه‌ندین ژماره‌ و ئامار له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی نێو راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا تاوه‌كو كاتژمێر چواری پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناو و سیڤییان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیر پێشكه‌شكردبوو گه‌یشتبوویه‌ 15 هه‌زار و 184 كه‌س و له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كردن هه‌بووه‌.

ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سیڤی خۆیان پۆ پۆستی وه‌زیر پێشكه‌ش كردووه‌ و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆران بریتیین له‌ هه‌زار و 778 كه‌س كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی 12 له‌سه‌دی كۆی ئه‌وانه‌ی پێشكه‌شكییان كردووه‌، هه‌روه‌ها دوو هه‌زار و 200 كه‌سی دیكه‌شیان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌رن كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی 14 له‌سه‌د، رێژه‌ی نێر كه‌ 85 له‌سه‌ده‌ زۆر زیاتره‌ له‌ رێژه‌ی مێ كه‌ 15 له‌سه‌ده‌ له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی سیڤییان پێشكه‌ش كردووه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌ی كاندیده‌ بێ لایه‌نه‌كانیش 96 له‌سه‌ده‌.

له‌درێژه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی بۆ سیڤی پێشكه‌شكاران كراوه‌ و ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌ یاسایی و هونه‌رییه‌كانییان تێدا نییه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌ وه‌كو مه‌رجه‌كانی "ته‌مه‌ن، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، پسپۆڕی و هی تریش"، هه‌روه‌ها شیكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی به‌پێی پێوه‌ره‌كان كراوه‌ و 601 باشترین كاندید ده‌ستنیشانكراون، له‌ ئێستاشدا لێژنه‌ی پسپۆڕان ده‌ستییان كردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ داواكاریی ئه‌و 601 كه‌سه‌ بۆ بانگهێشتكردنییان بۆ چاوپێكه‌وتن.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوی داهاتووش نووسینگه‌ی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو بریتی ده‌بێت له‌ چاوپێكه‌وتنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ تیمی پسپۆڕ و وردبینیكردن له‌ شاره‌زاییه‌كانییان له‌نێویاندا دروستی بڕوانامه‌كانییان و شتی دیكه‌ش، له‌ كۆتایشدا چاوپێكه‌وتنی راسته‌وخۆی سه‌ركه‌وتووان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو ده‌بێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.