Erbil 3°C ھەینی 31 کانوونی دووەم 09:19

گۆپاڵ چیه‌ و چۆن دروست ده‌کرێت و بۆچی به‌کاردێت؟

جیاوازی نێوان گۆپاڵ و گۆچان
کوردستان TV
100%

دروست كردن و په‌یدا بوونی گۆپاڵ مێژووه‌كه‌ی دیار و روون نییه‌، هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ خه‌ڵكی پیشه‌دار و به‌تایبه‌ت گوندشینان وه‌ك نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی باب و باپیرانه‌وه‌ گۆپاڵیان به‌كارهێناوه‌ ، له‌ ئێسته‌شدا ئه‌و نه‌ریته‌ په‌ره‌ی سه‌ندوه‌ و له‌ نێو چینی گه‌نجانیش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و هه‌ندێك كه‌س حه‌زی زۆری پێده‌كات و ئاماده‌یه‌ به‌ نرخی گران بیكڕێت و له‌ده‌ستی بگرێت .

گۆپاڵ یان گۆچان ئامرازێكه‌ به‌كاردێت له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ ئاسانكردنی هاوسه‌نگی و ڕۆشتن، و زۆرجاریش بۆ جوانی و نوێ كردنه‌وه‌ی كلتووری كورده‌واری به‌كاردێت. گۆپاڵ به‌ چه‌ندین شێوه‌ و قه‌باره‌ دروست ده‌كرێت و هه‌ر كه‌سێك بییه‌وێت زه‌حمه‌ت نییه‌ ده‌ستكه‌وتنی، زاری كرمانجی زانیاری له‌ سه‌ر گۆپاڵ و چۆنیه‌تی دروست كردنی  ده‌خاته‌ڕوو .

ره‌شید سلێمان گه‌نجێكی خه‌لكی قه‌زای شه‌قڵاوه‌یه‌ بۆ كڕینی گۆپاڵ رووی له‌ بازاری سۆران كردوه‌ به‌ زاری كرمانجی راگه‌یاند :  له‌ زۆر شوێنی تر گۆپاڵ ده‌فرۆشێت و له‌ بازاڕه‌كان بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام گۆپاڵی سۆران جیاواز تره‌ و هه‌م جوان و هه‌میش نرخی گونجاوه‌ ، بۆیه‌ له‌ شه‌قلاوه‌ له‌ گه‌ڵ هاوڕییانم هه‌م بۆ گه‌شت هه‌میش بۆ كڕینی گۆپاڵ روومان له‌ سۆران كردوه‌ .

ئه‌و گۆپاڵێكی دار كنێری به‌ بڕی 75 هه‌زار دیناری كڕیوه‌ و ده‌ڵێت: چه‌ند ساڵێكه‌ گۆپاڵم هه‌یه‌ و كڕیومه‌ و له‌ نێو ئۆتۆمبێلی خۆم داناوه‌ زۆر جار له‌ كاتی پیاسه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێییان له‌ ده‌ستی ده‌گرم و ته‌نانه‌ت گۆپاڵیشم به‌ دیاری بۆهاتوه‌ و كردوومه‌ته‌ دیاریش بۆ هاوڕێییان، جوانترین گۆپاڵ به‌لای منه‌وه‌ كنێره‌، چونكه‌ جیا له‌ جوانی بۆنێكی خۆشی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ حه‌ز ده‌كات بۆنی بكات .

هه‌روه‌ها گووتی: به‌ له‌ده‌ست گرتنی گۆپاڵ خۆشیه‌كی زۆرم لا دروست ده‌بێت و په‌یوه‌ندی به‌گه‌وره‌ی ته‌مه‌ن و بچووكی نییه‌، هه‌ر وه‌ك زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كان توسبیح و زنجیر و مه‌دالیا و چه‌ند شتێكی تر له‌ ده‌ست راده‌گرن و خویان پێوه‌رگرتوه‌ .

حاجی ئه‌حمه‌د مه‌حموود ته‌مه‌نی 70 ساڵه‌ و  پیشه‌ی فڕۆشتنی گۆپاڵه‌ له‌ نێو بازاڕی قه‌زای سۆران بۆ زاری كرمانجی گووتی : هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ حه‌ز به‌ له‌ده‌ست گرتنی گۆپاڵ ده‌كه‌م و كاتی خۆی  له‌ شوانی و گاوانی زۆرم به‌كارهێناوه‌، بۆیه‌ ماوه‌ی ده‌ساڵ ده‌بێت دوكانی فرۆشتنی گۆپاڵیشم داناوه‌ .

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌وه‌تای دونیا هه‌یه‌ گۆپاڵیش بوونی هه‌یه‌ و مێژووێكی نادیاری كه‌وناری هه‌یه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتبێت وئه‌وانه‌ی ئێستا جوانترن له‌ گۆپاڵی پێشتری ساڵانی كۆن.

له‌ زۆر شوێنی كوردستانیش گۆپاڵ و گۆچان دروست ده‌كرێن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌زای باشم له‌گۆپاڵ هه‌یه‌ و كاری فرۆشتنی ده‌كه‌م، به‌بڕوای من باشترین گۆپاڵ له‌ گونده‌كانی ئه‌رگۆش له‌ سنووری مێرگه‌سۆر و نێو گونده‌ گه‌ردیه‌كانی توركا دروست ده‌كرێن و هاووڵاتییان و كڕیارانم حه‌ز به‌ گۆپاڵی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن ، چونكه‌ جوان و شازن .

به‌هۆی جۆر و شێواز و كوالێتی ، نرخی گۆپاڵ له‌ نێو بازاری سۆران جیاوازی هه‌یه‌ ئه‌و فرۆشیاره‌ی گۆپاڵ ئاشكرای ده‌كات ، نرخی گۆپاڵ له‌ پێنج هه‌زار دینار ده‌ستپێده‌كات تا 120 هه‌زار ، به‌قسه‌ی ئه‌و دوكانداره‌، جوانترین و به‌ نرخترین گۆپاڵ له‌ داری كنێره‌، ساڵانی رابردوو گۆپاڵ ته‌نها بۆ پیشه‌ی شوانی و ئاژه‌ڵداری به‌كارده‌هات، به‌ڵام ئێستا بۆ كه‌شخه‌ و فیز لێدان به‌كاردێت و كڕیاری زیاتری لای ئه‌و، گه‌نج و به‌رپرسه‌كانه‌ و له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی روو له‌ سۆران ده‌كه‌ن بۆ كڕینی گۆپاڵ .

زیاتر گووتی : ئه‌گه‌ر گۆپاڵ زۆر ته‌ڕ نه‌كرێت و بپارێزرێت، ماوه‌ی 10 ساڵیش خۆی ده‌كات ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووای چه‌ند ساڵێك ئه‌گه‌ر خراپیش نه‌بێت به‌ڵام ره‌نگی وه‌ك خۆی نامینێته‌وه‌ و كۆن ده‌بێت .

له‌ نێو بازاڕی قه‌زای سۆران چه‌ند دوكانێكی گۆپاڵ فرۆشتن  هه‌یه‌، به‌پێی زانیاریه‌كان، ساڵانه‌ له‌و دوكانانه‌ نزیكه‌ی هه‌زار گۆپاڵ ده‌فرۆشێت و ده‌یان كه‌س بژێوی ژیانی له‌سه‌ر چاككردن و فرۆشتنی گۆپاڵ و گۆچانه‌، له‌ شا و شارۆچكه‌كانی كوردستانیش به‌هه‌موو چین و توێژێكه‌وه‌ به‌شێكی هاووڵاتییان كڕیاری گۆپاڵن .

عومه‌ر عه‌بدوڵڵا هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی گوندی بێواسه‌ له‌ سیده‌كان و شاره‌زایه‌ له‌ چاككردنی گۆپاڵ به‌ زاری كرمانجی راگه‌یاند " گۆپاڵ ئه‌و داره‌ ده‌سته‌ی كه‌وا له‌ كورداه‌واری دورست كراوه‌ و به‌كار هاتووه‌ بۆ شوان كاری و خۆپاراستن له‌ كه‌وتن به‌ تایبه‌ت نه‌خۆش و پیر و به‌ساڵاچوان بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ به‌كاردێت . دووپاتی كرده‌وه‌، مێژووی په‌یدا بوونی گۆپاڵ دیار نییه‌ چونكه‌ مرۆڤ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌دووای پێداویستیه‌كانی گه‌ڕاوه‌ و داهێنانی تێدا كردوه‌ .

زیاتر گووتی : گۆپاڵ به‌ دوو شێواز دروست ده‌كرێت، شێوازی یه‌كه‌م : دروست كردنی قالبی گۆپاڵ له‌سه‌ر پارچه‌ دارێك بۆنمونه‌ هێنانی كۆلكه‌ دارێك بته‌ و وه‌ك داری بناو یان هه‌ر دارێك كه‌وا دارێكی ره‌ق و شكانی ئه‌سته‌م بێ . به‌شێوازی هه‌ڵكۆڵًین له‌سه‌ر پارچه‌كه‌ دارێك قاڵبی گۆپالی له‌سه‌ر دردوست ده‌كرێت له‌سه‌ری هه‌ڵده‌كۆلێردرێ به‌شێوازێكی بازنه‌ی جوان كه‌ ئه‌م جۆره‌ جوانرتین و ناوازه‌ ترینه‌ و خواستی زۆری له‌سه‌ره‌ وه‌ستایه‌كی لێهاتووی ده‌وێت .

شێوازی دووه‌می چاككردنی گۆپاڵیش روون ده‌كاته‌وه‌: هێنان و چه‌قاندنی لقه‌ دارێكی دوو سه‌ری تا راده‌یه‌ك ئه‌ستوور و خۆشكردن و پاككردنه‌وه‌ی لقێكی به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌ی جوان كه‌ئه‌مه‌یان ئاسانتره‌ به‌ڵام گۆپاڵه‌كانی زۆر جوان نین .

ئه‌و دارانه‌ی ده‌كرێنه‌ گۆپاڵ

هه‌موو جۆره‌ دارێك ناشێ بۆ گۆپاڵ به‌ڵكو ئه‌ودارانه‌ی كه‌وا شێوه‌یه‌كی راست و دروستییان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ستوونی به‌ره‌ و ئاسمان هه‌ڵكشاون به‌ به‌رزی زیاتر له‌ مه‌ترێك وه‌ك داری ، بناو ، بی ، داری مه‌ران و دار گیز ، تاوك  هه‌ل هه‌لۆكه‌ و چه‌ند جۆرێكی تر ..

به‌ناوبانگترین گۆپاڵ ئه‌و گۆپاڵه‌یه‌ له‌ داری كنێر دروست كرابێت خواستنی زۆری هاووڵاتییانی له‌سه‌ره‌ له‌ بازاڕیش نرخی گرانتره‌،چونكه‌ داری كنێر بۆنێكی خۆشی هه‌یه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ره‌نگ و ره‌ونه‌قێكی سه‌رنج راكێشی هه‌یه‌ .

به‌خشینی گۆپاڵ وه‌ك دیاری

زۆر جار گۆپاڵ وه‌ك دیاری ده‌به‌خشرێت له‌ نێوان هاوڕێییان و خۆشه‌ویستان وه‌ك ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی و به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ رێزگرتنی به‌رامبه‌ر له‌م دیاریه‌ به‌ گه‌وره‌ سه‌یر كردنی زۆر جار وه‌ك خۆشه‌ویستی له‌ دیوانخان و له‌ كه‌پر و ره‌شماڵه‌كان هه‌ڵده‌واسن به‌تایبه‌ت ئه‌و گۆپاڵانه‌ی كه‌وا له‌ داری كنێر  دروست كراون یان شێوازێكی شووشه‌ی رێك و دروستیان هه‌یه‌ .

شێوازی دروست كردن و چه‌ماندنه‌وه‌ی

دروست كردن یان چه‌ماندنه‌وه‌ی كه‌می ( كۆمی ) گۆپاڵ به‌و شێوه‌یه‌ دروست ده‌كرێت ، سه‌ره‌تا شێنه‌ و لقه‌ داره‌ ته‌ڕه‌كان ده‌بڕێن و ئاماده‌ ده‌كرێن دواتر له‌ نزیك قالبی گۆپاڵ ئاگرێك ده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ری لقه‌ داره‌كه‌ به‌ نزیكه‌ی 20 سم ده‌خرێته‌ ناو ئاگره‌كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یی پێویست گه‌رم ده‌كرێت دواتر زۆر به‌ وشیاری و لێزانین ده‌خرێت ناو قالبه‌كه‌ و ده‌چه‌مێندرێته‌وه‌ تا ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژ له‌ ناو قاله‌به‌كه‌ ده‌مینێته‌وه‌ تاوه‌كو به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ ره‌ق ده‌بێ و دواتر ده‌ر ده‌هێندرێت و پاك ده‌كرێته‌وه‌ شوێنی ده‌ست گرتنی زیاتر خۆش ده‌كرێت .

جیاوازی نێوان گۆپاڵ و گۆچان

گۆپاڵ ئه‌و جۆره‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد شوێنی ده‌ست كه‌م یان كۆمی شێوه‌ خڕ و بازنه‌یه‌ مرۆڤ دروستی ده‌كات ، به‌ڵام گۆچان دارێكی خۆرسكه‌ و شێوه‌ی پیتی T ئینگلیزی هه‌یه‌ یان تۆزێك سه‌ری بۆلای خواره‌وه‌ لار بۆته‌وه‌ بۆیه‌ مرۆڤ داره‌كه‌ ده‌بڕێته‌وه‌، شوێنی ده‌ستی به‌ نزیكه‌ی 15 تا 20 سم ده‌بڕدرێته‌وه‌ لای خواره‌وه‌ به‌ نزیكه‌ی مه‌ترێك ده‌بڕدرێته‌وه‌ . زۆرجاریش له‌ كاتی دروست كردنی گۆپاڵ كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت ، وه‌ك شكانی سه‌ری داره‌كه‌ یان فیچاندن و قڵێشانی دیوی ناوه‌وه‌ی گۆپاڵ به‌مه‌ش زۆر سه‌ركه‌وتوو نابێت خواستی زۆری له‌سه‌ر نییه‌ و خه‌لك ئاره‌زووی ده‌ست گرتنی ناكه‌ن.

نرخی گۆپاڵ له‌ پێنج هه‌زار دینار ده‌ستپێده‌كات تا 120 هه‌زار

سه‌رچاوه‌/ زاری كرمانجی

كوردستان تیڤی/ كامران

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.