Erbil 2°C ھەینی 31 کانوونی دووەم 03:17

 بزانه‌ رادیۆکه‌ی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ  چۆن گه‌یشته‌ هه‌ولێر

ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی لێره‌دا هه‌ن خاوه‌نه‌كان یان كه‌س و كاره‌كانیان بۆمان دێنن
کوردستان TV
100%

بابزانین رادیۆكه‌ی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ  چۆن گه‌یشته‌ مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ئێستا له‌و مۆزخانه‌یه‌ پارێزراوه‌.

مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌ ناو شاری هه‌ولێره‌  شوێنی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ پێشتر قوتابخانه‌یه‌ك بوو به‌ناوی  قوتابخانه‌ی ئه‌ربیل ئولا و یه‌كه‌م قوتابخانه‌بووه‌ له‌شاری هه‌ولێر، دواتر ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ كرا به‌مۆزه‌خانه‌یه‌ك به‌ناوی "مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر" و تیادا وێنه‌ و كه‌لوپه‌لی مامۆستا كۆنه‌كانی ئه‌م شاره‌ كه‌ سه‌رده‌مانێك خزمه‌تیان به‌بواری خوێندن و په‌روه‌رده‌یی له‌م شاره‌ كردووه‌ دانراون، له‌گه‌ڵ وێنه‌ی كه‌سایه‌تیێه‌ سیاسی و هونه‌ری و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ئه‌م شاره‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێگه‌ی سه‌ره‌نج ڕاكێشانی زۆرێك له‌ خه‌ڵك كه‌ ڕۆژانه‌ سه‌ردانی ئه‌م شوێنه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌  و باسی لێوه‌بكه‌ین ، ڕادیۆیه‌كی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌مه‌ ،كه‌ له‌ ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو مه‌لیكی عێراق بووه‌ ئێستاكه‌ ڕادیۆكه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر دانراوه‌ و ڕۆژانه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌كاتی هاموشۆكردنییان بۆ ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌یان به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

هونه‌ر ئه‌سكه‌نده‌ر عوسمان، كه‌فه‌رمانبه‌ره‌ له‌مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌ ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی شتوومه‌ك و كه‌لووپه‌لی به‌كارهاتووی كه‌سایه‌تی و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌كانی پێشووی شاری هه‌ولێر ماندووه‌ و جێ ده‌ستی دیاره‌، سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتن و هێنانی ئه‌م ڕادیۆیه‌ی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ بۆ مۆزه‌خانه‌كه‌یان به‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات راگه‌یاند : ده‌مێكه‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ی ئێمه‌ هاوشێوه‌ی زۆرێك له‌ كه‌لووپه‌له‌ به‌نرخه‌كانی دیكه‌ لای ئێمه‌ پارێزراوه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی ڕادیۆكه‌ هونه‌رئه‌سكه‌نده‌ر گوتی : زۆرێك له‌م كه‌لوپه‌لانه‌ی لێره‌دا هه‌ن خاوه‌نه‌كان یان كه‌س و كاره‌كانیان بۆمان دێنن، یان زۆرجار خۆم به‌ماندووبوونێكی زۆر واده‌كه‌م شتوومه‌كه‌كانم ده‌ست بكه‌وێت، ئه‌م ڕادیۆیه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌ستم كه‌وتووه‌ .

بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێت: ڕۆژێك پیره‌ژنێك سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كه‌مانیكرد ،كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی لێره‌ پاڕێزراون و به‌شێوه‌یه‌كی جوان نمایشكڕاون گوتی: ڕادیۆیه‌كم لایه‌ چه‌ند ساڵه‌ پاراستوومه‌ ، خاوه‌نه‌كه‌ی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵه‌، حه‌زه‌كه‌م بیهێنم بۆئێوه‌ لێره‌ نافه‌وتێت و لای خۆتان بیپاڕێزن . منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ لێم وه‌رگرت، ڕادیۆكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دروستكراوی كۆنه‌ و شێوه‌ی له‌ئێستادا به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌كه‌وێت ، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هی مه‌لیكی عێراق بووه‌.كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا جێگه‌ بایه‌خ و پاراستنیه‌تی له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌دا .

ڕادیۆكه‌ ڕه‌نگێكی شینی هه‌یه‌ ، له‌شێوه‌ی سه‌ندوقی دایه‌ و له‌ قه‌باره‌ كه‌مێك گه‌وره‌یه‌ ، له‌هه‌مووش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ڕادیۆیه‌ مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌ و به‌ تیشكی خۆر كارده‌كات، ڕادیۆكه‌ ده‌ستكردی وڵاتی یابانه‌ و له‌ پلێتێكی ئاسنی مه‌حكه‌م دروستكراوه‌ و توانای به‌رگه‌گرتنێكی زۆری هه‌یه‌ .

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م ڕادیۆیه‌چۆن گه‌شتۆته‌ ده‌ست ئه‌م پیره‌ژنه‌ كه‌ ئه‌ویش پێشكه‌ش مۆزه‌خانه‌كه‌ی كردووه‌، هونه‌ر ئه‌سكه‌نده‌ر گوتی : ئه‌م پیره‌ژنه‌ وایگێڕایه‌وه‌ گوتی : كاتی خۆی له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا ، واته‌ پێش ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌له‌كی له‌عێراق و هاتنه‌ سه‌ر حوكمی عه‌بدولكریم قاسم ، پیاوه‌كه‌م باخه‌وان بووه‌ له‌ كۆشكی ماڵی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ له‌شاری به‌غدا، زۆر به‌دڵسۆزی له‌وێدا كاری خۆی كردووه‌ و زۆرییان خۆش ویستووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ماڵباتی مه‌لیك زۆر ڕێزی لێبگرن و هه‌میشه‌ جێگه‌ی متمانه‌بووه‌ لای ئه‌وان، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دڵسۆزییه‌ی بۆ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و ماڵباته‌كه‌ی، مه‌لیك وه‌ك ڕێز ڵێنانێك ئه‌م ڕادیۆیه‌ی خۆی پێشكه‌شكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك یادگارییه‌ك لای خۆی هه‌ڵیبگرێت، منیش به‌ هۆی خۆشه‌ویستی پیاوه‌كه‌م و ئه‌و ڕێزڵێنانه‌ی به‌ ئه‌و ، له‌دوای مردنی ئه‌ویش لای خۆم پاراستوومه‌، گووتی : ئێستاكه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فه‌وتێت حه‌زه‌كه‌م بیكه‌مه‌ دیاری بۆ مۆزه‌خانه‌كه‌تان و ئێوه‌ش لای خۆتان بیپاڕێزن و خه‌ڵك بیبینێت .

  سه‌چاوه‌/ خه‌بات

كوردستان تیڤی/ كامران

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.