ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق روونكردنەوەیەكی لەبارەی ناونووسكردنی ئەلیكترۆنی كاندیدانی وەزارەتەكانی حكوومەتەكەی بڵاو كردەوە. ئەمەش لە دوای چەند كاتژمێرێك لە كرانەوەی دەرگای خۆ كاندیدكردنی هاووڵاتیان لە ڕێگەی ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی تایبەتمەندەوە دێت، كە لە ئێستەوە هەزاران هاووڵاتی داوایان كردووە ببن بەوەزیر.
دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سوپاسی ئەو هەزاران هاووڵاتیەی عێراقی كردووە كە ناویان لە ماڵپەڕە تایبەتەكەدا تۆمار كردووە بۆ بوون بەوەزیر لە حكوومەتە نوێیەكەدا.
عەبدولمەهدی رایگەیاندووە كە خۆناونووسكردنی هەزاران هاووڵاتی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكانی حكوومەتی نوێ، ئاماژەیەكی روونن بۆ ئەوەی متمانەیان بەخۆ هەیە.
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئاماژەی بەوە داوە كە شانازی بەو هەزاران هاووڵاتیەی عێراقەوە دەكەن كە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكانی حكوومەتی نوێ ناونووس كردووە، دووپاتیشی كردەوە ماڵپەڕەكەیان بەشێوەیەكی پتەو دروست كردووە و بەرنامەیەكی پێشكەوتووشیان بۆ لێكتری جیاكردنەوەی سیڤی و داواكانی وەرگرتنی پۆستەكان و لێوردبوونەوەی یەك بەیەكی داواكان داناوە.
ئەگەرچی ئەو هەنگاوەی دكتۆر عادل بووە جێی رەخنەی بەشێكی بەرچاوی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی كە پێیانوایە پۆستی وەزارەتەكان زیاتر پۆستی سیاسیین تا خزمەتگوزاری و ناكرێ بەسیڤی یەكلایی بكرێنەوە، بەڵام نیگەرانییەكی تر ئەوەیە كە ئەم هەزاران كەسەی داوای پۆستەكانی حكوومەتە نوێیەكەی عێراق دەكەن، چاوەڕوان دەكرێ ماوەیەكی درێژیان گەرەك بێت بۆ لەیەكتری جیاكردنەوە و هەڵسەنگاندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.