وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی دەكات و بەرپرسێكی وەزارەتەكەیش دەڵێت" ھەموو ڕێوشوێنێك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانمان دەگرینە بەر.
زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، ڕایگەیاند" لەگەڵ باشبوونی رەوشی داراییی حكوومەت، بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی ژمارەیەك پڕۆژە دراوە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانەوە، ئێمە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، خشتەی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانمان ئامادە كردووە و ئەو پڕۆژانەی پێشتر راگیراون، ھەموویان ئامادە كراون بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، گوتیشی" دەمانەوێ سەرەتا لەوەوە دەست پێبكەین قەرزی پێشووی بەڵێندەران بدەینەوە لەو رێژەیەی پڕۆژەیان جێبەجێ كردووە، بە گشتی ١٦٢ پڕۆژەمان لە بەردەستن لە ھەردوو كەرتی رێگەوبان و نیشتەجێكردن".
عوزێری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەشێك لە پڕۆژەكان لە قۆناغی كۆتاییدان، وەك تۆنێلی پیرمام كە تەنیا سیستمی ھەواگۆڕكێی ماوە، ئەوانی دیكەیش ھەریەكەو بە گوێرەی پێویستیی خۆی پارەیان بۆ تەرخان دەكرێت تا بكەونەوە كار دووبارە و، كۆتایی بەو پڕۆژانەی سەردەمی قەیرانی دارایی بێنین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.