نادیە موراد کچە رزگاركراوى ئیزدی ژێر دەستی داعش و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانهی کۆنگرهیهكی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ شتێک نەکراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال، بۆیه داوایکرد ناوچەکانی شنگال ئاوەدان بکرێنەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
نادیە موراد خاوەنی نۆبڵی ئاشتی لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا نازانێت چارەنوسی ئەو 3 هەزار ئێزدییەى کە لای داعش ماون چییان لێهاتووە .
نادیە موراد ڕایگەیاند، پێویستە کار بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە. ڕاشیگەیاند، تا ئێستا ژمارەیەک کەم ئاوارە و لێقەوماوەکانی باشوری شنگال گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
تێزانین رۆژى هەینی 5-10-2018، لێژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەردەگرن.
بۆ ساڵی 2018، نادیا موراد، کچە کوردی ئێزدی و دێنیس موکوێگی خەڵکی کۆنگۆ، بە هاوبەشی ئەو خەڵاتەیان وەرگرت.
نادیا موراد کچە کوردێکی ئێزدیی خەڵکی گوندی کۆجۆیه لە سنووری شاری شنگال، دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە کۆتایی 2014، وهك هەزاران ژن و کچی دیکەی کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا و دواتر به هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر دهستی داعش رزگار کرا و دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی، گەیەندرایە ئەڵمانیا.
شایانی باسه و بەپێی زانیارییەكان، بۆ ئەمساڵ، 329 کەس کاندید بوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە ساڵانە دابەش دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.