Erbil 12°C دووشەممە 27 کانوونی دووەم 20:19

به‌رپرسێکى پارتى : نابێت ئه‌زمونی تاڵی فیفتی فیفتی پارتی و یه‌کیه‌تی له‌ دابه‌ش کردنی پۆسته‌کان به‌رده‌وامی پێ بدرێت

پێویستیمان به‌ په‌ڕله‌مان و حكومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌
کوردستان TV
100%


نه‌زهه‌ت  حالی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى له‌هه‌ژماری خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووك نووسینێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ناوی چه‌ند دێرێك له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ . 
 ناوبراو ڕایده‌گه‌ێنێت ، زۆرێك له‌ ئێمه‌ مانان پێمان وابوو د.به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ته‌كنۆکراتی میانڕەوه‌ و ده‌توانێت ڕۆلی باشی هه‌بێت له‌ كایه‌ی کارگێری و سیاسی هەرێمی كوردستان دا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ڕێزم بۆ د.به‌رهه‌م ساڵح دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ ی.ن.ك و پەیام وهه‌ڵوێست و كاره‌كانی به‌ تایبه‌ت له‌ دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو ی.ن.ك زۆر له‌ یه‌ك جیاوازترو تەواویش پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری بوون، زۆر كه‌س پێیان وابوو به‌رهه‌م سالح وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی ڕیفۆرمیست ده‌توانێت ڕۆلی خۆی بگێڕێت لە بیناسازی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و سەلماندی ، قسه‌ی ئه‌و خه‌لكانه‌ی كه‌ ده‌یانگوت لەچەند ساڵی ڕابردوودا کۆی سیاسەتکردن وپلان و هیواو ئاواته‌كانی ته‌نیا بۆ بوونی به‌ سه‌رۆك كۆماری عێڕاق بووه‌ ڕاست ده‌رچوو، هه‌ر بۆیه‌ش ڕووبەڕووی ره‌خنه‌یەکی زۆر بووه‌ته‌وه‌،هەروەها شێوازی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ش پێگه‌ی د.به‌رهه‌می لاوازتر کرد، هەموو ئه‌وانه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ پشتگیرییان لێ كردووه‌ بۆ بوون به‌ سه‌رۆک كۆمار، دواتر داوای پاداشتی خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌وڵ دەدەن به‌پێی خواستی ئه‌وان بجولێته‌وه‌.

له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیشه‌وه‌ نوسیویه‌تى ، هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستانیش له‌ كه‌شێكی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش و ئارام به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان له‌و پڕۆسه‌ دیموكراسییه‌ جێگای سه‌ربه‌رزی هه‌موومانه‌، به‌رده‌وامی دان به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كات و ساتی خۆیدا كه‌لتوری سیاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌كات، ته‌نانه‌ت وای لێ دێت كه‌ خودی حزبه‌كان خۆیان له‌ ساخته‌كاری كه‌ ڤایرۆسی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ به‌ دور بگرن و ببێته‌ كارێكی زۆر قیزه‌وه‌ن له‌ نێو خودی حزبه‌كان و لای تاكه‌كانیش، زۆر جار له‌ زۆر كۆبوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڤاله‌ پارتیه‌كانم گوتووه‌ گه‌ر پارتی به‌ ده‌نگێكی ساخته‌ و ته‌زویری من ده‌ربچێت، ئاماده‌ نیم ئه‌و ده‌نگه‌ ته‌زویره‌ی پێ بده‌م. 

 له‌به‌شێكى دیكه‌ى نووسینه‌كه‌ى نه‌زهه‌ت حالی له‌باره‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى ڕایده‌گه‌ێنێت ، 
له‌ ئێستادا زۆر كه‌س سه‌رۆك بارزانی به ڕێبه‌ری خۆیان داده‌نێن و باوه‌ڕێكی زۆریان پێی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی زۆریان لێی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆر كه‌سیش ئومێدیان له‌سه‌ر بارزانی هه‌ڵچنیووه‌ كه‌ ڕۆلی ڕێبه‌ری بگێڕێت. 

بارزانی ڕێبه‌ڕێكی خاوه‌ن ئه‌زمون و باوه‌ڕێكی به‌هێزه‌ ، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌وایه‌تی دۆزی كورد و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ بەردەوام باس كردنی لە مافی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كارێكی بێ وێنه‌ی كردووه‌ كه‌ تاكی كورد هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر كه‌متر نیه‌ و متمانه‌ به‌خۆ بوون و هیوای پێ به‌خشیوون . له‌ ئێستادا كوردستان زیاتر له‌ هه‌موو كات پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕێبه‌ڕ ڕۆلی خۆی بگێڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ ، ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌كانیش پێویستیان به‌ پشتگیری خه‌ڵكه‌، به‌ڵام به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش ده‌بێت ڕێبه‌ر وسه‌ركرده‌كان نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری ناته‌ندروستی ده‌وروبه‌رو نزیكه‌كانیان، هه‌روه‌ها كه‌سه‌ نزیكه‌كانی سه‌ركرده‌كان و به‌ تایبه‌ت پارتییه‌كان و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی بارزانی زیاتر له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت پاڵپشتی بن، هۆشیار بن وكاری هه‌ڵە نه‌كه‌ن و سه‌ركرده‌كانیش توشی هه‌ڵە نه‌كه‌ن.


ده‌قى نووسینه‌كه‌ى نه‌زهه‌ت حالی : 


چه‌ند دێڕێك له‌ سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌
نه‌زهه‌ت حالی

زۆرێك له‌ ئێمه‌ مانان پێمان وابوو د.به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ته‌كنۆکراتی میانڕەوه‌ و ده‌توانێت ڕۆلی باشی هه‌بێت له‌ كایه‌ی کارگێری و سیاسی هەرێمی كوردستان دا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ڕێزم بۆ د.به‌رهه‌م ساڵح دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ ی.ن.ك و پەیام وهه‌ڵوێست و كاره‌كانی به‌ تایبه‌ت له‌ دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو ی.ن.ك زۆر له‌ یه‌ك جیاوازترو تەواویش پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری بوون، زۆر كه‌س پێیان وابوو به‌رهه‌م سالح وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی ڕیفۆرمیست ده‌توانێت ڕۆلی خۆی بگێڕێت لە بیناسازی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و سەلماندی ، قسه‌ی ئه‌و خه‌لكانه‌ی كه‌ ده‌یانگوت لەچەند ساڵی ڕابردوودا کۆی سیاسەتکردن وپلان و هیواو ئاواته‌كانی ته‌نیا بۆ بوونی به‌ سه‌رۆك كۆماری عێڕاق بووه‌ ڕاست ده‌رچوو، هه‌ر بۆیه‌ش ڕووبەڕووی ره‌خنه‌یەکی زۆر بووه‌ته‌وه‌،هەروەها شێوازی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ش پێگه‌ی د.به‌رهه‌می لاوازتر کرد، هەموو ئه‌وانه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ پشتگیرییان لێ كردووه‌ بۆ بوون به‌ سه‌رۆک كۆمار، دواتر داوای پاداشتی خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌وڵ دەدەن به‌پێی خواستی ئه‌وان بجولێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی براده‌رانی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌نجامیان دا لای پارتی په‌سه‌ند نه‌بووه‌ ، پێشنیاری دیاری كردنی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له‌ لایه‌ن ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ كورده‌كان له‌ به‌غدا ڕه‌وایه‌تی زیاتری به‌و كه‌سه‌ ده‌دا كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆك كۆمار و یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستانیشی باشتر ده‌پاراست، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوی نه‌دا.
به‌ڵام ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی كوردێك بۆ وه‌رگرتنی باڵاترین پۆست له‌ عێڕاق هاتووه‌ته‌ دی من پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌م ، هیوادارم هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر پله‌ و پۆست و پایه‌ك بێت و له‌ هه‌ر شوێنێك بێت، ئه‌وه‌ی له‌ بیر بێت كه‌ ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌سه‌رشانه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی بێت بۆ خزمه‌تی گەلەکەی بیکات.
هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستانیش له‌ كه‌شێكی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش و ئارام به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان له‌و پڕۆسه‌ دیموكراسییه‌ جێگای سه‌ربه‌رزی هه‌موومانه‌، به‌رده‌وامی دان به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كات و ساتی خۆیدا كه‌لتوری سیاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌كات، ته‌نانه‌ت وای لێ دێت كه‌ خودی حزبه‌كان خۆیان له‌ ساخته‌كاری كه‌ ڤایرۆسی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ به‌ دور بگرن و ببێته‌ كارێكی زۆر قیزه‌وه‌ن له‌ نێو خودی حزبه‌كان و لای تاكه‌كانیش، زۆر جار له‌ زۆر كۆبوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڤاله‌ پارتیه‌كانم گوتووه‌ گه‌ر پارتی به‌ ده‌نگێكی ساخته‌ و ته‌زویری من ده‌ربچێت، ئاماده‌ نیم ئه‌و ده‌نگه‌ ته‌زویره‌ی پێ بده‌م. 
پارتی حزبێكی گه‌وره‌ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و سه‌روه‌رییه‌ گه‌ر ته‌نیا كادیر و به‌رسه‌كانی به‌ دروستی ئه‌ركه‌كانیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن پارتی ده‌توانێت بۆ چه‌ندین ساڵی تر ده‌نگی زۆر باش بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات.
له‌ ئێستادا پێم وایه‌ هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت دان به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنێن كه‌ كۆمیسیوون به‌ نیازه‌ ئه‌نجامی كۆتایی ڕابگه‌ێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم توشی قه‌یرانیتر نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌زمونی تاڵی فیفتی فیفتی پارتی و یه‌كیه‌تی له‌ دابه‌ش كردنی پۆسته‌كان و ئه‌زمونی فیفتی فیفتی پارته‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار بوو له‌ حكومه‌ت كه‌ هه‌م به‌شدار بوون له‌ حكومه‌ت و هه‌م ئۆپۆزیسیونیش بوون چیتر به‌رده‌وامی پێ بدرێت، پێویستیمان به‌ په‌ڕله‌مان و حكومه‌تێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم و گه‌له‌كه‌ی به‌هێز بن و چاكسازییه‌كی به‌ پلان و به‌رنامه‌ ئه‌نجام بدرێت. 
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و خۆشه‌ویستی و متمانه‌ی كه‌ به‌ هه‌ر سیاسه‌تمە‌دار وسه‌ركرده‌یه‌كمان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ پابه‌ند بونمان به‌ بنه‌ما سیاسییه‌كانمان ده‌كرێت دید و بۆچونی جیاوازمان له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی سیاسی هه‌بێت، ئەو خۆشه‌ویستییه‌ نابێت ڕێگر بێت له‌وه‌ی كه‌ ڕاستییه‌كان نه‌بینین ، ئه‌و متمانەیەی كه‌ به‌وانیشمان هه‌یه‌ نابێت توشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌مان بكات كه‌ پێمان وابێت سه‌ركرده‌كانمان هیچ كات هه‌ڵه‌ ناكه‌ن، به‌ تایبه‌ت کە ڕێبه‌ڕایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی كردن كارێكی ئاسان نیه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ندێ شت وه‌ك یه‌كن كاری دروست و هه‌ڵه‌ش ده‌كه‌ن ، گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن دیاره‌ مرۆڤ نین و فریشته‌ن، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی ئه‌وانه‌ی پێگه‌ و پایه‌ی به‌رزیان هه‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی و زۆرتری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ژیان و داهاتووی هاووڵاتیان، هه‌ر بۆیه‌ ڕاوێژ كردن به‌ كه‌سانی شاره‌زا و دڵسۆز و ئه‌وانه‌ی كه‌ نزیكن له‌ ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌كان گه‌ره‌نتی باشتر ده‌دات كه‌ بڕیاره‌كانیان لۆژیكیتر و دروستتر بن.
له‌ ئێستادا زۆر كه‌س سه‌رۆك بارزانی به ڕێبه‌ری خۆیان داده‌نێن و باوه‌ڕێكی زۆریان پێی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی زۆریان لێی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆر كه‌سیش ئومێدیان له‌سه‌ر بارزانی هه‌ڵچنیووه‌ كه‌ ڕۆلی ڕێبه‌ری بگێڕێت. 
بارزانی ڕێبه‌ڕێكی خاوه‌ن ئه‌زمون و باوه‌ڕێكی به‌هێزه‌ ، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌وایه‌تی دۆزی كورد و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ بەردەوام باس كردنی لە مافی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كارێكی بێ وێنه‌ی كردووه‌ كه‌ تاكی كورد هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر كه‌متر نیه‌ و متمانه‌ به‌خۆ بوون و هیوای پێ به‌خشیوون . له‌ ئێستادا كوردستان زیاتر له‌ هه‌موو كات پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕێبه‌ڕ ڕۆلی خۆی بگێڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌ ، ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌كانیش پێویستیان به‌ پشتگیری خه‌ڵكه‌، به‌ڵام به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش ده‌بێت ڕێبه‌ر وسه‌ركرده‌كان نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری ناته‌ندروستی ده‌وروبه‌رو نزیكه‌كانیان، هه‌روه‌ها كه‌سه‌ نزیكه‌كانی سه‌ركرده‌كان و به‌ تایبه‌ت پارتییه‌كان و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی بارزانی زیاتر له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت پاڵپشتی بن، هۆشیار بن وكاری هه‌ڵە نه‌كه‌ن و سه‌ركرده‌كانیش توشی هه‌ڵە نه‌كه‌ن.
بڕیار و شێوازەکانی بڕیار دان له‌ هه‌رێم به‌ گشتی ده‌بێت زیاتر دیراسەکراو و زانستی بن و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌ر چاو بگیرێن ، كه‌سه‌ باشه‌كان نابێت نه‌ بێ هیوا بن و نه‌ مه‌یدان چۆل بكه‌ن و ده‌بێت ڕۆلی خۆیان بگێڕن، ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ به‌ خوێن و قوربانیدانێكی زۆر به‌ ده‌ست هاتووه‌، نابێت ڕێگه‌ بده‌ین بێ نرخ و وێران بكرێت، ده‌بێت ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزین و په‌ره‌یان پێ بده‌ین ، حزبایه‌تی كردنمان گه‌ر بۆ كوردایه‌تی و خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان نه‌بێت بێ مانا و بێ نرخه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ جیاوازی بكرێت له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی وڵات ده‌پارێزن و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت وڵات تێك بده‌ن و نابێت ڕێگه‌ به‌ تێكده‌ران و هه‌ڵ په‌ره‌ستان بدرێت ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان تێك بده‌ن.پێكه‌وه‌ ده‌توانین به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان زاڵ بین.


شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.