Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 06:56

هه‌فته‌ی دابێ ڕەنگە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژارن ڕابگەیەنرێت

کۆمسیۆن تەنیا 85%ی دەنگەکانیان ئاشکرا کردووە
کوردستان TV
#7
100%


کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول و ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنیش رایگه‌یاند، رەنگە هەفتەیەکی دیکە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنین.

دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان خەریکی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و تا هەفتەیەکی دیکەش ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردن کۆتایی نایەت، بەڵام پێشبینی دەکەین هەفتەیەکی دیکە ھەموو ئەنجامەکان بڵاوبکرێنەوە، چونکە ئێمە لە کۆمسیۆن تەنیا 85%ی دەنگەکانمان ئاشکرا کردووە و ئەوەی ماویشە لە ژێر لێکۆڵینەوە و وردبینیدایە، تا یەکجاری دڵنیای نەبین ھەموو ئەنجامەکان ڕاناگەیەندرێن.

لەبارەی ئەو سندووقانەی قردێلەی سووریان پێوەیە و کۆمسیۆن دەیەوێ لە ڕێگەی یاساوە چارەنووسیان یەکلابکاتەوە، ئەندامەکەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ڕوونی کردەوە: ڕانەگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بەندە بە چارەنووسی ئەو سندووقانەوە، لەبەر ئەوەی نزیکەی 200 سندووقی دەنگدان لە ناوچە جیاوازەکان قردێلەی سووریان لێ دراوە و دەبێ دڵنیا بین لەوەی ھەژمار دەکرێن یان نا.

ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام ژمارەیەک سکاڵاش تۆمارکراون، بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکان سکاڵاکان وەرگیراون و یەکلا دەکرێنەوە، لەگەڵ کۆتا بڕیار لەسەر سکاڵاکان پڕۆسەکە کۆتایی دێت و ئەنجامی راستی و کۆتایی ھەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولیش بڵاو دەکرێتەوە.

بە پێی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە،  لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە و لە ئەنجامی ٨٥%ی دەنگەکان پارتی ٥٩٥٥٩٢ دەنگی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەست ھێنا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.