برێت مەکگۆرگ، نوێنەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش، ئەمڕۆ ھەینی پیرۆزبایی لە نادیە موراد، کچە ئێزیدی رزگاربووی دەستی چەکدارانی داعش و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠١٨.
لە تویتێکدا لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر"ەوە، مەکگۆرگ نووسیویەتی " لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە نادیە دەکەم بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. ئازایەتی و چالاکی نادیە جیھانی کۆکردەوە کە داوای دادپەروەریی بکەن بۆ قوربانییەکانی دەستی کوشتن و جینۆسایدی داعش. ھەروەکو ئەو سەرمەشق بوو، پێویستە ئێمەش ھەموو ڕێگاکەی ئەو تەواو بکەین."
ئەمڕۆ ھەینی، نادیە موراد چالاکوانی مافی مرۆڤ و کچە ئێزیدی رزگاربووی ژێر دەستی چەکدارانی داعش لە عێراق و، دێنیس موکوێگێ دکتۆری ژنان کە چارەسەری قوربانیانی توندوتیژی سێکسی کردووە لە کۆنگۆی دیموکرات، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان بردەوە.
کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵی نەرویجی ئەمڕۆ رایگەیاند، کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشیوە بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگێ بۆ ھەوڵەکانیان لەپێناو کۆتایی پێھێنان بەبەکارھێنانی توندوتیژی سێکسی وەکو چەکی شەڕ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.