Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 18:47

سەرۆک بارزانی: داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم بەدواداچوونی ورد بۆ سکاڵاو سەرپێچییەکان بکات

سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان پەیامێكى راگه‌یاند
کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان پەیامێكى راگه‌یاند، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:- 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 30ـی ئەیلوولی 2018 پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم و بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگر و هەموو ئەندام و لایەنگر و كادیر و هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم. جێگەی خۆشحاڵییە كە هاووڵاتیان لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا دەنگیان داوە و باشترین ڕێگەیش بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات سندووقەكانی دەنگدانە.

سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە، هۆشیاریی سیاسیی خەڵك پێش دەخات و كاریگەریشی دەبێت لەسەر بەرزتربوونی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان. داوایش لە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەت جەماوەری پارتی دەكەم كە لە دەربڕینی خۆشیدا پابەندی بنەماكانی یاسا و ئاسوودەیی هاووڵاتیان بن و خۆیان لە تەقەكردن و كردەی ناشارستانی بپارێزن.

ڕەنگە زۆر كەس و لایەنی سیاسیی هەرێم ڕەخنە و تانە و تێبینیان لەسەر هەبوونی پێشێلكاری و سەرپێچی و ساختەكاری هەبێت، كە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئەنجام دراون. 

هەر بۆیە داوا لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان دەكەم بەدواداچوونی ورد و جددی بۆ سكاڵا و سەرپێچییەكان بكات و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تێپەڕینی ساختەكاری و پێشێلكاری نەدرێت و ڕاستییەكان بخرێنەڕوو.

مسعود بارزانی
4/10/2018

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.