سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵی كوێت، ڕایگەیاند كە شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق، دوورە لە سازانی لایەنە كوردستانییەكان، چونكە ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و دەبووایە بە تەوافوقی هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەكلا كرابایەوە.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە د. عومەر ئەلكەندەری، كۆنسووڵی دەوڵەتی كوێت لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دانیشتنێكدا كە ڕەمزی شەعبان، ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرهێنانی كۆنسووڵی دەوڵەتی كوێت، سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسی رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان بە گشتی و كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، كە بە شێوەیەكی ئارام و سەركەوتووانە بەڕێوە چوو و چاوەروان دەكرێت كە ئەمڕۆ لە لایەن كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی كوردستانەوە ئەنجامەكانی كۆتایی رابگەیێنرێت و، دواتر گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان لە نێوان لایەنەكاندا دەست پێبكەن.
میرانی، هەروەها ئاماژەی بە شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق و لێكەوتەكانی دا، كە دوورە لە سازانی لایەنە كوردستانییەكان، چونكە ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و دەبووایە بە تەوافوقی هێزە سیاسییەكانی كوردستان یەكلا كرابایەوە.
لای خۆیەوە، كۆنسووڵی دەوڵەتی كوێت سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، كە بە شێوەیەكی هێمنانە و دیموكراسییانە بەڕێوە چوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.