مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت: لە ئێستادا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە وردی متابعە دەكەین و، لەكاتی خۆیدا بڕیاری پێویست دەدەین.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئەمرۆ، 3/10/2018 ، بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، مەكتەبی سیاسی كۆبۆوە بۆ تاوتوێی و بەدواداچوونی پرۆسەی سیاسی عێراق و لێكەوتەكانی ئەم دواییە، ئەمەش لە روانگەی هەوڵەكانی كە درابوون بۆ چارەسەری كێشەكان و هەروەها لە روانگەی پاراستنی یەك ریزی و تەبایی نێو ماڵی كوردستانی.
سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستان بووە و پشكی لایەنێكی سیاسی نەبووە، هەمیشەش لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی هێزە كوردستانییەكان یەكلایی كراوەتەوە. ئەوەی یەكێتی نیشتمانی ئەمجارە كردی تێكدانی ئەم تەوافقە بوو، ئەمەش سەرەتایەكی خراپە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
بۆیە ئێمە ئەم پۆستە و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانین و، دەرگایەكیشی كردەوە كە خەڵكانی دیكە بڕیار لەسەر ئەو ئیستحقاقەی ئێمە بدەن نەك نوێنەرانی گەلی كوردستان.
پارتی بە گرینگییەوە سەیری هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقی كردووە و بەشدار بووە لە بیرورا گۆرینەوە، بە تایبەتیش كە بەزەروری زانیوە لە عێراقی نوێدا پێكهاتەكان لە ئیستحقاقاتی بڕیارلێدراو بەهرەمەندبن و ئەو ئیستحقاقاتانەش لە ئاكامی قەناعەت و بۆچوونی پێكهاتەكان بێت و نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەوان بكات. لە ئێستاشدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە وردی متابعە دەكەین و، لەكاتی خۆیدا بڕیاری پێویست دەدەین.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/10/2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.