Erbil 5°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 00:48

هونه‌ر و شکۆ و گه‌وره‌یی هونه‌رمه‌ند

هونه‌رمه‌ندان با پێشه‌نگ و مامۆستای راسته‌قینه‌ی گه‌ل بن
کوردستان TV
100%

ن/ فه‌رهه‌نگ غه‌فوور

وه‌ك ده‌زانین هونه‌ر له‌ناو ته‌واوی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی، به‌شێكی گرنگی كولتوور و ناسنامه‌كه‌یه‌تی، له‌ دونیادا، نه‌ته‌وه‌ و رێكخراو و جڤاته‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له‌ رێی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانیانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌، كه‌متر له‌ رێی دیكه‌دا ناوبانگیان هه‌یه‌.

 له‌ناو ئێمه‌ی كوردیشدا، هونه‌ری كوردی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كولتوور و كه‌له‌پووری كورده‌واریدا داگرتووه‌، كۆڵه‌گه‌یه‌كی به‌هێزیش بووه‌ له‌و كۆڵه‌گانه‌ی كه‌ تا ئێستا كوردی به‌ زمان و مێژوو و كولتووره‌وه‌ به‌ زیندوویی هێشتۆته‌وه‌.

 بۆیه‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌ گشتی پێگه‌ و شوێنی زۆر به‌رز و شایسته‌یان له‌ هه‌ناوی كولتوور و شوناسی كورددا هه‌یه‌ و رۆڵ و تواناكه‌یشی حاشاهه‌ڵنه‌گر و شكۆمه‌ندانه‌یه‌. له‌و دیدگایه‌شه‌وه‌، كه‌سایه‌تیی هونه‌رمه‌ند، وه‌ك كاراكته‌ری دیاری نێو كۆمه‌ڵگا كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌ و رێزلێگیراوه‌، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌، كه‌ هه‌وێنی پێگه‌یشتنی هزری رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی، كه‌سایه‌تییه‌كی شكۆمه‌ندانه‌ و گه‌وره‌یه‌، خۆڕا نیه‌ كه‌ كورد وه‌ك رێز و پێزانین كه‌ ناوی هونه‌رمه‌ندان دێ، پێیان ده‌ڵێ (مامۆستا)، با ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی نه‌خوێنده‌واری میللییش بێ، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌ی و ئه‌و وزه‌ و جوانییه‌ی ناو به‌رهه‌م و كاره‌كانی، ئه‌وی كردۆته‌ وه‌ستاكار و مامۆستا، كه‌ جێی شانازی و پێزانینی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌بێ، كه‌سی هونه‌رمه‌ند، كه‌سایه‌تی و پێگه‌ی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بناسێته‌وه‌ و لێی دیار بێ و بزانێ، كه‌ ئه‌و هێزێكی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌یه‌ و موڵكی گشتییه‌ و نابێ به‌دوای به‌رژه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بێ، به‌ڵكو په‌یامی ئه‌و ئاسووده‌یی خه‌ڵك و جوانكردنی ژیانه‌ بۆ هه‌مووان، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌و پله‌ و رێزه‌ به‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ بزانێ و هه‌میشه‌ بیپارێزێ و بۆ هیچ شتێك شكۆی نه‌ڕوشێنێ. له‌ وڵاتان به‌ گشتی، كاتێك بۆنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نیشتمانی یان نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، به‌ڕێوه‌به‌ر و ئاماده‌كارانی بۆنه‌كه‌ داوا له‌ هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ده‌سپێكی كردنه‌وه‌ی بۆنه‌كه‌دا، ئه‌وان به‌ كارێكی ناوازه‌ی ئۆكسترا، یان ئۆپێرا، یان سه‌مفۆنیا و شانۆنامه‌یه‌كی به‌رز چالاكییه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ فه‌رمی داوایان لێ ده‌كرێ و پێگه‌كه‌یان له‌به‌رچاو ده‌گیرێ، له‌ هه‌مان كاتیشدا بودجه‌ و هه‌موو رێوشوێنێكی پێویستیشیان بۆ ده‌گیرێته‌ به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان شاكار بێ و بۆنه‌كه‌ هه‌نگاوێك بباته‌ پێشه‌وه‌.

له‌ كوردستانی خۆشماندا، وه‌ك وڵاتانی دونیا، بۆنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی گه‌وره‌مان هه‌ن، كه‌ ساڵانه‌ به‌ فیستیڤاڵ و كه‌رنه‌ڤاڵ و ئاهه‌نگ یادیان ده‌كرێته‌وه‌، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌ی كوردستانیش، مینا چالاكییه‌كانی گه‌لانی دونیا، به‌رز و واتادار بن، هه‌قوایه‌ كه‌:

- لایه‌نی جێبه‌جێكار و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵانه‌، به‌ هه‌ستی پێزانین و نرخاندنی پێگه‌ و رۆڵی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، به‌ فه‌رمی داوا له‌ گرووپه‌ هونه‌ریه‌كان و هونه‌رمه‌ندانی به‌ ئه‌زموون و ره‌سه‌ن بكات، كه‌ به‌ گوڕ و تین و حه‌ماسه‌ته‌وه‌، به‌ هونه‌ره‌ به‌رزه‌كانیانه‌وه‌، به‌شدارییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و رووێكی شارستانی و هاوچه‌رخانه‌ به‌ فیستیڤاڵ و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كانیان ببه‌خشن.

  - بودجه‌ و تێچوو و حه‌قده‌ست و ئیمتیازی ته‌واو بۆ لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ و هونه‌رمه‌ندان ته‌رخان بكه‌ن و باشترین و نوێترین ئامراز و كه‌ره‌سته‌ی پێویستیان بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن. هونه‌رمه‌ندانیش پێویسته‌ له‌سه‌ریان كاری باش و جدییان پێشوه‌خته‌ له‌ بازاڕی هونه‌ردا سه‌نگ و ره‌واجیان هه‌بووبێ و ناسرا بن و تواناكیان وه‌ده‌ركه‌وتبێ. هونه‌رمه‌ندان ده‌بێ شكۆی خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان بپارێزن و زۆر به‌ سه‌نگینی بچنه‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی كار و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌و بۆنه‌ تایبه‌تی و گشتییانه‌دا.

 - نابێ هونه‌رمه‌ند خۆی بچێ و داوا و واسیته‌ بكا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گۆشه‌یه‌كدا وه‌به‌رچاو بكه‌وێ و بواری ئه‌وه‌ی بده‌نێ كارێكی خۆی له‌و بۆنانه‌دا پێشكه‌ش بكا، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ كه‌مایه‌سی بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ و هونه‌ره‌كه‌یشی ده‌شكێته‌وه‌ و هیچ ئیزافه‌ و جوانییه‌كیش به‌ بواره‌كه‌ و بۆنه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێ.

 - با ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانیش وه‌ك هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌كانی دونیای ده‌ره‌وه‌، كۆمه‌ڵگا به‌ ورد و درشتیه‌وه‌ به‌دوای دیدگا و تێڕوانینه‌ جوانه‌كانی خۆمان رابكێشین و به‌ره‌و ئاسووده‌یی و به‌رزی رێنوێنییان بكه‌ین، نه‌ك خۆمان ئه‌وه‌نده‌ لا بچووك و په‌راوێزخراو بێ، كه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتێكی كه‌می كه‌م نرخ، له‌ پێگه‌ و شكۆی خۆمان و هونه‌ركه‌مان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ ئاست و پێگه‌ی خۆمان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

 -هونه‌رمه‌ندان با پێشه‌نگ و مامۆستای راسته‌قینه‌ی گه‌ل بن و هونه‌ریش قوتابخانه‌ گه‌وره‌ و جوانه‌كه‌ی بێ.

كوردستان تیڤی/ كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.