تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، ڕاپۆرتی بەرایی خۆی تایبەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەچوو، بڵاوكردەوە.
لەڕاپۆرتەكەی تۆڕی شەمس-دا، كە ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامهوانیدا لەلایەن هۆگر چەتۆ- لێپرسراوی تۆڕەكەوە خوێندرایەوە، باس لە خاڵە ئەرینێ و نەرێنییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا.
چەتۆ، لەخاڵە ئەرێنییەكانی هەڵبژاردندا باسی لەوەكرد كەبەشێوەیەكی گشتی لەكەشێكی ئارامدا بەڕێوەچووەو، لە زۆر لەبنكەكان، ژمارەیەكی زۆر بریكاری لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی لێبووە.
چەتۆ، لەباسكردنی خاڵە نەرێنییەكانی هەڵبژاردندا كە لەڕاپۆرتەكەی تۆڕی شەمسدا، خاڵە نەرێنییەكانی هەڵبژاردنی خستە ڕوو كە بریتی بوون لە:
یەكەم ـ جێبەجێنەكردنی یاسا و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن لەلایەن بەشێك لە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن، بەهۆی لایەنداریی سیاسی یان نەبوونی شارەزایی.
دووەم ـ شكاندنی نهێنی دەنگدان و بوونی دیاردەی دەنگدانی بەكۆمەڵ و وێنەگرتنی پسوڵەی دەنگدان.
سێهەم ـ دروستكردنی فشار لەلایەن بەشێك لە بریكاری لایەنەكان و ئاسایش و موختارەكان بۆ سەر كارمەندانی كۆمسیۆن، بۆ ئەوەی لە ڕێكارەكان لابدەن، وەكو دەنگدانی دووبارە و دەنگدان بە بەڵگەنامەی ساختە.
چوارەم ـ بەردەوامی هەڵمەتی بانگەشە لە ناوە و دەرەوەی بنكەكان.
پێنجەم ـ بێبەشبوونی چەندین دەنگدەر لە دەنگدان بەهۆی گۆڕینی بنكەكانیان یاخود نەهاتنەوەی ناوەكانیان و تەمەنیان (دەنگدەی سەرو ٩٠ ساڵ، ناوەكەی سڕكرابوو).
شەشەم ـ دوورخستنەوەی بەشێك لە بریكاری لایەنەكان بەتایبەت لە قۆناغی دەنگدان و جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگدەكان، لەگەڵ ڕێگری لە وێنەگرتنی فۆڕمی ژمارە ٥٣ ی تایبەت بەئەنجامی وێستگەكان.
هەر لە كۆنگرەیەدا، تۆڕی شەمس چوار ڕاسپاردەی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووە، كە خۆی لە ئاشكراكردنی هەرچی زووتری ئەنجامەكان دەبینێتەوە، لەگەڵ بەدواداچوونی جدی بۆ سكاڵاكان و بەهەندوەرگرتنی پێشنیاز و تێبینی ڕێكخراوەكان و سزادانی ئەو كارمەندانی كەمتەرخەمبوون.
دوێنێ یەكشەممە (30ی ئەیلولی 2018) دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.