Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 04:05

گوتەبێژی پارتی: نە پێش روداوەکان دەکەوین و نە تۆمەتی پێش وەختەش دەبەخشینەوە

راگەیاندراوێک لە گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
کوردستان TV
#7
100%

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکرتی کوردستان مەحموود محەمەد رایگەیاند: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە و شێوازی رقاوی و هەڵەشانەی گوتەبێژەکەی یەکێتی کە لە نێوخۆی حزبەکەی خۆشیدا زۆر بڕی نەکرد و بۆی راستکرایەوە، رەت دەکەینەوە.

دەقی راگەیاندراوی گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ خۆشبەختانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  بە هیممەتی دڵسۆزان لە کەشێکی ئارام و ئازاد و ئاشتییانەدا بەڕێوەچوو، سەرباری کەم و کورتی  و تێبینی کە لە هەر پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا روودەدەن، گەلی کوردستان ئەم تەجرەبەیەشی سەرکەوتووانە تێپەڕاند.

ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی ماندوویی و هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان و رۆڵی بەرچاوی هەموو لایەنە پەیوەنددارەکان و بەشداریی هاووڵاتیان  و بە تایبەت جەماوەری وەفاداری پارتیمان دەکەین، هەر لە سۆنگەی پابەندیی تەواومان بە رێنوماییەکانی کۆمسیۆن، رایدەگەیەنین کە سکاڵاکانمان لەسەر کۆی ئەو خروقات وسەرپێچیانەی لە هەندێ شوێن روویاندا بە رێگەی ئوسوڵی خۆیدا تۆمار کردووە و بە دوایدا دەچین و لەوەشدا نە پێش روداوەکان دەکەوین و نە تۆمەتی پێش وەختەش دەبەشینەوە.

بۆیە ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو، کە زۆر شپرزانە  و بەرلەوەی هیچ ئەنجامێکی سەرەتاییش بەدەرکەوتبێ، کەوتە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەرگرتن لە کۆی پرۆسەکە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و شەڕفرۆشتن بە پرۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە و شێوازی رقاوی و هەڵەشانەی گوتەبێژەکەی یەکێتی  کە لە نێوخۆی حزبەکەی خۆشیدا زۆر بڕی نەکرد و بۆی راستکرایەوە، رەت دەکەینەوە، هیوادارین ئەو شڵەژان و توڕەییە، کاردانەوە نەبێت بەرامبەر رێکارە توند و رێنوماییە وردەکانی کۆمسیۆن کە مەجالی تەزویر و ساختەکاریی فراوان و مونەزەمی بەرتەسککردەوە، یاخود هەوڵێک نەبێ بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشی خروقات و سەرپێچییەکان لە رێی تۆمەتبارکردنی خەڵکی دیکەوە.

مەحموود محەمەد
وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان
30/9/2018

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.