نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە شاری هەولێر بەسەر کردەوە.
یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ ستافێک ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئهیلول بۆ چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی هەولێری کرد.
یان کۆبیش سەردانی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی کرد و لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ میدیاکان، گوتی: هیوادارم سەرکەوتوو بن و خۆشحاڵم کە ڕێژەیەکی زۆر دەنگ دەدەن و بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا دەکەن.
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕاشیگەیاند هیوادارم به شێوەیەکی باش پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، تاوەکو ئێستا تێبینیم کردووە پرۆسەیەکی باش بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی نوێنەری کیانە سیاسییەکان ئامادەن و بە باشی کۆنتڕۆڵی پرۆسەکەیان کردووە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە دەچێت و هیوادارم لە هەموو ناوچە و بنکەکانی دیکەی هەڵبژاردن پرۆسەکە بە هەمان شێوە و شەفافانە و ڕێکوپێک بەڕێوە بچێت.
یان کۆبیش گوتیشی: "چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەندین شوێنی هەولێر و سلێمانی و دەڤەرەکانی دیکە چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "بە وردی چاودێریی پرۆسەکە دەکەین و دەمانەوێ زۆرترین زانیاری لەسەر پرۆسەکە وەربگرین و دەبێ خەڵک متمانەی هەبێ کە بچێت دەنگ بدات".
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسهی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یان کۆبیش گوتی: "لەگەڵ پارتەکان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانیش قسەمان کرد و گوتیان تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان نەبینیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.