بەڕێوەبەری فەرمانگەی دهۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم دەڵێت، ژمارەیەك پێشمەرگە بە ھۆی گەڕانەوەیان بۆ سەنگەرەكانی بەرگری، لە دەنگدان بێبەش كراون.
عەلی بەندی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دهۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، رایگەیاند: "پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای دھۆك بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و بریكاری لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی ناوخۆ و بیانیش چاودێریی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەكەن و، تا ئێستا پێشێلكاری رووی نەداوە و ھیچ لایەنێكیش گلەیی لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان نەبووە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی دهۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كێشەیەك بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دروست بووە، چونكە بەشێكی زۆری پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی جەنگ دەگەڕێنەوە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی دەنگدان و شوێنی دەنگدانیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان زۆریش دوورە، لەبەر ئەوەی ئەو پێشمەرگانە رەگەزنامەی عێراقییان پێ نییە، كێشەیان بۆ دروست بووە و ناتوانن دەنگ بدەن".
بەندی دەڵێت: "لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژادنەكان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ھیچ پێشمەرگە بێبەش نەكرێت لە پڕۆسەی دەنگدان، لەبەر ئەوەی بەپێی بڕیاری كۆمسیۆن بە بێ ھەبوونی رەگەزنامە كەس ناتوانێت بەشداری بكات، ئێستا لە ھەوڵداین كێشەكە چارە بكەین و دەرفەتیان پێ بدرێت رەگەزنامەكانیان بگاتە دەستیان، تا بێبەش نەكرێن لە دەنگدان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.