Erbil 13°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 16:58

د.فواد حوسێن به‌جیا لەگەڵ هه‌ریه‌که‌ سەلیم جبووری و ئه‌یاد عه‌لاوی کۆبووه‌وه‌

پێشهات و گۆرانكارییه‌ سیاسییه‌كانیان تاوتوێكرا
کوردستان TV
#7
100%


کاندیدی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەگەڵ سەلیم جبووری و ئه‌یاد عه‌لاوی کۆبووەوە.

لە شاری بەغدا، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی فواد حوسێن، کاندیدی سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، سەردانی سەلیم جبووری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی عێراقی کرد پێشهات و گۆرانكارییه‌ سیاسییه‌كانیان تاوتوێكرد.

سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مانی عیراق له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌  باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عیراق و دانوستانه‌كانی ئێستای نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كانیان كراوه‌ له‌پێناو یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و كه‌مكردنه‌وه‌ی ناوكۆییه‌كان تا ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت و سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژێردرێت.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جبوری جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی داهاتوو، حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار بێت بتوانێت داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بۆ ژیانێكی ئاسوده‌ جێبه‌جێ بكات.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی فوئاد حوسێن كاندیدی سه‌رۆك بارزانی و پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆكۆماری عێراق ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ  ئه‌یاد عه‌للاوى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتیمانىیش كۆبووه‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كاندیدى پارتى دیموكراتى كوردستان فوئاد حوسێن و شاندى یاوه‌رى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتمانى گوتیشى: پێویسته‌ دۆخى كورد باش بێت و ئه‌وان یه‌ك بێت و سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كوردستان ئارام بێت و له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ زۆر رژدین كه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ به‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلا ببێته‌وه‌ و پشت به‌ خودا ئه‌وان خۆیان له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون و ئێمه‌ بێینه‌ به‌رده‌م یه‌ك كه‌س و ئه‌مه‌ باشتره‌ بۆ هه‌مووان، چ بۆ كورد، چ بۆ عێراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا، چونكه‌ مه‌ترسى زۆر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسییدایه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ ئومێدمان وایه‌ برایانى كورد هه‌موویان له‌سه‌ر كه‌سێك رێكبكه‌ون.

هه‌روه‌ها گوتیشى: ئومێده‌وارین ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى له‌ كوردستان ده‌كرێت، هه‌ڵبژاردنێكى ئه‌رێنى و پاك بێت و بتوانێت كێشه‌كانى كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.

بەپێی زانیارییەکان، زۆرینەی پەرلەمانتارانی عەرەبی سوننە و بەشێکی زۆریش لە پەرلەمانتارە عەرەبە شیعەکان، بڕیاریان داوە دەنگ بە فواد حوسێن بدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.